داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەكرێت

:: PM:07:58:28/05/2024 ‌

دوای ئەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە 25ی ئاداری 2023 لەسەر داوای عێراق و بە بریارێكی دادگای ناوبژیوانیی پاریس وەستا، تا ئێستە دەست بە هەناردن نەكراوەتەوە و تەنیا هەوڵ هەیە، ئەمڕۆ وەزارەتی نەوتی عێراق داوای لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم دەكات بۆ كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بۆ ئەو مەبەستە.

لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ سێشەم هاتووە، وەك سووربوونی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لەسەر بابەتی دەستكردنەوە بە بەرهەمهێنان لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان و دەستكردن بە هەناردەكردنەوەی نەوتەكە، كە بەرژەوەندیی نیشتمانی تیادایە، وەزارەتی نەوت داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییە دنیاییەكان دەكات كە لە هەرێم كار دەكەن بۆ كۆبوونەوە لە بەغدا بە زووترین كات.

بەپێی بەیاننامەكەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ مەبەست لەو كۆبوونەوە بۆ باسكردن و تاوتوێكردنی بابەتەكە و گەیشتنە بە رێككەوتنێك بۆ پەلەكردن لە دووبارە بەرهەمهێنان و دەستكردن بە هەناردەكردنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا و بەو قەبارەی لە یاسای بودجەدا دیاری كراوە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل