"پاسەوانی سنوور لە خانەقینەوە تا پێنجوێن كامێرای چاودێرییان داناوە"

:: PM:01:13:24/06/2024 ‌
فەرماندەیی هێزەكانی پاسەوانی سنووری عێراق رای گەیاند، 300 كیلۆمەتر لە خانەقینەوە تا باكوری شارەدێی پێنجوێن، كامێرای گەرمیپێوی لەو رێیە دانراوە.

محەمەد سەعید فەرماندەیی هێزەكانی پاسەوانی سنووری عێراق، لە میانەی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراق رای گەیاند، "70% تا 80%ـی كاری دروستكردنی 91 بازگەمان لەسەر سنووری ئێران تەواو كردووە".

فەرماندەیی هێزەكانی پاسەوانی سنووری عێراق گوتی، لە پاراستنی سنوورەكان لەگەڵ ئێران هەنگاوی باش چووینەتە پێشەوە و ئێستە خەریكین بەتەواوی كۆنترۆڵی دەكەین.

محەمەد سەعید ئەوەشی گوت، لە هەنگاوی یەكەمدا 300 كیلۆمەتریان لە خانەقینەوە تا باكوری شارۆچكەی پێنجوێن، بە كامێرای گەرمیپێو كۆنترۆڵ كردووە. دەشڵێت، "هەزاران مینمان لەو ناوچانە لابردووە".

 فەرماندەی هێزەكانی پاسەوانی سنووری باسی لەوەش كردووە، بازگەكانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێرانیان لە نزیك سنووری عێراق و ئێران لابردووە و لە چەك دایانماڵیون.

لەبارەی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و توركیاش، فەرماندەیی هێزەكانی پاسەوانی سنووری عێراق ئاماژەی بەوە كردووە، لەگەڵ توركیا لە هاوئاهەنگیدان بۆ دروستكردنی ژوورێكی پرۆسە هاوبەشەكان. "زیاتر لە 27 بازگەمان لە سنووری عێراق و توركیا دروست كردووە".

"هەوڵ بۆ ئەوە دەدەین سنوورەكانمان بەجۆرێك بپارێزین كە رێ بەهیچ هێرشێك نەدەین لە خاكی عێراقەوە بكرێتە سەر توركیا، بۆ یەكەم جاریش ناوچە سنوورییەكانمان لەگەڵ توركیا بە كامێرای گەرمیپێو كۆنترۆڵ كردووە". فەرماندەی هێزەكانی سنوور وا دەڵێت.



وشە - سۆران عەزیز