بەڕێوەبەری هەماهەنگی و قەیرانەكان: دۆخی شنگال ئاسایی بكەنەوە ئاوارەكان خۆیان دەگەڕێنەوە

:: PM:08:06:29/06/2024 ‌
 
لەوكاتەی وادەی داخستنی كەمپی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان نزیك دەبێتەوە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هەماهەنگی و قەیرانەكان لە دهۆك ئاماژە دەكات، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق سەر بە حەشدی شەعبییە كە ئەوان هۆكاری نائارامیی دۆخی شنگالن، بۆیە لەجیاتی هەڕەشە و گوشار لە ئاوارەكان با دۆخی شنگال ئاسایی بكەنەوە، ئەوكات داوای گەڕانەوەی ئاوارەكان بكەن.

پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هەماهەنگی و قەیرانەكان لە دهۆك بە "وشە"ی راگەیاند، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق كە سەر بە حەشدی شەعبییە، پێویستە بەردەوام هاوكاریی ئاوارەكان بكات، بەڵام تەنیا جار جار هەندێك هاوكاریی خۆراك و تەندروستییان دەكات، ئێستەش ئەو وەزارەتە دەیەوێ بە گوشار ئاوارەكان بگەڕێنەوە، لەكاتێكدا خۆیان هۆكاری نائارامیی شنگالن و ملیشیاكانی شنگال سەر بەوانن.

روونی كردەوە، وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق كە سەر بە میلیشیاكانە، دەیەوێ بە زۆر ئاوارەكان بگەڕێنێتەوە، ئەوەش بەهیچ شێوەیەك روونادات، چونكە ئەوان ئامادەنین بگەڕێنەوە بۆ شنگال، كە بەهۆی هێزەكانی سەر بە وەزیری كۆچ و كۆچبەران دۆخی تەناهیی خراپ و ناجێگیرە، بۆیە لەجیاتی ئەوەی بێن گوشار لە ئاوارەكان بكەن، با جارێ میلیشیاكان لە شنگال دەر بكەن و دۆخی ئاسایی بكەنەوە، ئەوكات ئاوارەكان خۆیان دەگەڕێنەوە .

بەڕێوەبەری فەرمانگەی هەماهەنگی و قەیرانەكان لە دهۆك باسی لەوەش كرد، ئاوارەكان دەگەڕێنەوە و جارێكی تر شنگال جێدێڵن، چونكە ئەو وەزیرە سەر بە رەیان كلدانییە كە خاوەن میلیشیایە، بۆیە بۆ ئەوەی بتوانرێت ئاوارەكان ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە، پێویستە رێككەوتنی شنگال جێبەجێ بكرێ نەك هەڕەشە لە ئاوارەكان بكەن بۆ گەڕانەوە، چونكە ئاوارەكان بەهیچ شێوەیەك لەژێر هەڕەشە ناگەڕێنەوە .

دهۆك/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل