لە ماوەی دوو ڕۆژدا 347 خێزانی ئێزیدی لە كەمپەكانی دهۆكەوە گەڕێنرانەوە شنگال

:: AM:11:37:23/07/2024 ‌
پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكانی ناو هەرێمی كوردستان بۆ شوێنەكانی خۆیان بەردەوامە، لە ماوەی دوو ڕۆژدا 347 خێزانی ئێزیدی گەڕانەوە بۆ شنگال.

پیر دەیان جەعفەر بەڕێوەبەری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەكانی سەربە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "لەم دوو ڕۆژەدا 347 خێزان لە هەردوو كەمپی كەبەرتووی یەك و دوو گەڕانەوە شنگال.

پیر دەیان ئەوەشی گوت، ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی لەم كارانەدا هاوئاهەنگە و پرۆسەكە بەردەوامە، تا ئێستەش توانراوە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە هەزار خێزان بگێڕینەوە بۆ شنگال.

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، بڕیاری داوە سەرجەم كەمپی ئاوارەكان دابخات، بەڵام زۆر لەو ئاوارانە تا ئێستە لەبەر دۆخی تەناهی و ئابووری، پێیان باشترە لە كەمپەكاندا بمێننەوە.

بەپێی بڕیاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، لە كۆتایی مانگی تەمووز سەرجەم كەمپەكانی ئاوارە لە هەرێمی كوردستان دادەخرێن و تا 31ی تەمووز هەر خێزانێك بگەڕێتەوە زێدی خۆی، بڕِی چوار ملیۆن دینار پارەی پێ دەدرێت.



وشە - سۆران عەزیز