روونكردنەوەیەك لە ئاسایشی هەولێرەوە بۆ رای گشتی

:: PM:11:24:24/07/2024 ‌
ئاسایشی هەولێر لە روونكردنەوەیەكدا بۆ رای گشتی بڵاوی كردووەتەوە، لێدوانی هاووڵاتییەك بەناوی سەریاس عەونی كە گوایە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستدرێژی كراوەتە سەر، ئاسایش روونی دەكاتەوە كە راستی رووداوەكە كێشەیەكی كۆمەڵایەتی و كەسییە لەنێوان ناوبراو و كارمەندێكی بنكەیەكی ئاسایش و كارمەندەكەی ئاسایشیش دەستبەسەر كراوە. 

ئەمڕۆ چوارشەم 24ی تەمووزی 2024، ئاسایشی هەولێر لە روونكردنەوەیەكیدا لەژێر ناونیشانی "روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی" بڵاوی كردووەتەوە، دوای بڵاوبوونەوەی وێنە و لێدوانی هاووڵاتییەک بە ناوی سەریاس عەونی، کە گوایە لەلایەن ئاسایشی هەولێر دەستدرێژیی کراوەتە سەر.

"بۆ هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین، ڕاستی ڕووداوەکە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و کەسییە لەنێوان سەریاس عەونی و کارمەندێکی بنکەیەکی ئاسایش و لە ئەنجامی دەمەقاڵێی نێوانیان بە شەڕ هاتوون. دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە، بەرێوەبەرایەتییەکەمان هەڵساوە بە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست لە بەرانبەر ئەو کارمەندە و دەستبەسەر کراوە، هاوکات داواش لە هاووڵاتی سەریاس عەونی کراوە، کە سکاڵای یاسایی لە پۆلیس تۆمار بکات بۆ ئەوەی مافی پارێزراو بێت." لە روونكردنەوەكەی ئاسایش وا هاتووە. 

لە كۆتایی روونكردنەوەكەی ئاسایشدا هاتووە، لێرەوە هاووڵاتییان و هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە، کە مافیان پارێزراوە و بەگوێرەی یاساش ڕێگەپێدراو نییە هیچ کەسێک ناوی دەزگا تەناهییەكان "ئەمنییەكان" بۆ مەرامی کەسیی بەکار بهێنێت.

جێگەی ئاماژەیە، سەریاس عەونی هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی گۆڕانە لە هەولێر، بە گوتەی خۆی لە ڕۆژی دووشەمەوە ڕێکەوتی 22 ئەم مانگە چەند کارمەندێکی ئاسایش هێرشیان کردووەتە سەرى و سەر و لووت و ددانیان شکاندووە.


وشە - پۆڵا مەحموود