بەو كردانەی كە لە ماوەی ساڵانی رابردوو لەسەر یەكێتی سەلمێنرا، ئەو حزبە زیاتر بەرەو بچووكبوونەوە چووە، هەرچەندە دوای پیادەكردنی سیستمی هاوسەرۆكی و جیابوونەوەی لاهوور شێخ جەنگی، لەتێك لە حزبەكە داڕما، بەڵام كردەكانی كوڕانی تاڵەبانی ئەو حزبەی بەرەو هەڵدێر و بچووكبوونەوەی زیاتر برد.
كردەكانی یەكێتی لە تیرۆری ئەفسەرانی هێزە تەناهییەكان تێپەڕی و هاتە سەر ئەوەی پەیجەوان و جنێودەر حزبەكە هەڵسووڕێنن، تەنانەت ئێستە بە كاندیدكردنی چەند جنێودەرێكی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەو حزبە بەرەو بچووكبوونەوەی زیاتر چوو.
كەنعان وەلی پارێزەری راوێژكار وەك خۆی دەڵێ، لە رابردوودا كادری پێشكەوتووی یەكێتی بووە، بۆ "وشە" گوتی، یەكێتی لە بەردەم بچووكبوونەوەیەكی زۆرە بەتایبەت دوای هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ.
ڕوونیشی كردەوە كە خەڵكی دێرین و دڵسۆزی یەكێتی نەماوە، ئەوانە هەموو دانیشتوون و دەبینن ئێستە كەسانێك كاندید كراون كە هیچ سوودێكیان بۆ یەكێتی نەبووە، جگە لەوەی جنێودەرێكی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوون.
ئەو دەڵێ، ئاشكرابوونی ئەو جنێودەرانە كە سەربە یەكێتی و پشتیوانی قوباد تاڵەبانین، حزبەكەی زۆر بچووك كردەوە، بەتایبەت ئێستە دیمەنەكە بەو شێوەیەیە كە پەیجەوان یەكێتی بەڕێوە دەبات.
ئەو نموونەیشی بە شنیار ئەنوەر هێنایەوە كە تا دوێنی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا جنێوی دەدا، دواتر دەركەوت قوباد تاڵەبانی پشتیوانیی كردووە و پارەی پێ داوە، "حزب بەو شتانە بچووك دەبێتەوە".