به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ته‌ندروستیی سلێمانی، نووسراوێكی بۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ره‌وانه كردووه و ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه به‌هۆی نه‌بوونی كارمه‌ندی پێویست، داوا ده‌كه‌ن سێ نه‌خۆشخانه‌ی چه‌مچه‌ماڵ كه بریتین له كلینیكی ڕاوێژكاریی شه‌هید پێشڕه‌و و سه‌نته‌ری فریاكه‌وتنی چه‌مچه‌ماڵ و نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید پێشڕه‌و، یه‌ك بخرێن و بكرێن به‌یه‌ك نه‌خۆشخانه، ئه‌و داواكارییه‌ش ناڕه‌زایی چالاكانی چه‌مچه‌ماڵی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه و په‌یامێكی به‌په‌له ئاراسته‌ی یه‌كێتی و ئیداره‌ی شاره‌كه ده‌كه‌ن.
پێشه‌وا ڕه‌ئووف چالاكی مه‌ده‌نی له چه‌مچه‌ماڵ، به "وشه"ی راگه‌یاند، داوا له خه‌ڵكی چه‌مچه‌ماڵ ده‌كه‌ن بێده‌نگ نه‌بن له ئاست ئه‌م سته‌مه و ڕێ نه‌ده‌ن شاره‌كه‌یان وێران بكرێت، چونكه ئه‌و داواكارییه‌ی ته‌ندروستیی سلێمانی، كاره‌سات و ماڵوێرانییه و ده‌ستێكی ناحه‌ز و دوژمنكارانه‌یه، كه به‌و بڕیاره ده‌یانه‌وێت چه‌مچه‌ماڵ وێران ببێت و بۆ ده‌یان ساڵ بگه‌ڕێته‌وه دواوه، دامه‌زراوه ته‌ندروستییه‌كانی بچووك بكرێنه‌وه و نه‌مێنن.
بڕیاره‌كه به‌جۆرێكه هه‌موو ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی تا ئێسته به‌ده‌ست هاتوون له كه‌رتی ته‌ندروستی له چه‌مچه‌ماڵ له ناو ده‌بات، چه‌مچه‌ماڵییه‌كان چه‌ندان ساڵه له هه‌وڵدان بۆ كردنه‌وه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ك بۆ چه‌مچه‌ماڵ كه له ڕابردوودا كراون به به‌ش و هۆبه، كه‌چی ئه‌وان هاتوون خۆیان به ده‌ستی خۆیان چه‌مچه‌ماڵ بچووك و لاواز و وێران ده‌كه‌نه‌وه.
نابێ ڕێ به‌وه بده‌ن ئه‌و داواكارییه جێبه‌جێ بكرێت
پێشه‌وا ره‌ئووف ئاشكرای كرد، "یه‌كێتی و ئیداره‌ی شاره‌كه، به‌رپرسی یه‌كه‌من له‌و ماڵوێرانییه، بۆیه نابێ ڕێ به‌وه بده‌ن ئه‌و داواكارییه جێبه‌جێ بكرێت، چه‌مچه‌ماڵییه‌كان ئه‌وه قبووڵ ناكه‌ن و كاردانه‌وه‌ی توندیان ده‌بێت، بۆیه داوا له یه‌كێتی و ئیداره‌ی شاره‌كه و لایه‌نی پێوه‌ندیدار ده‌كه‌م چی‌یان پێ ده‌كرێ بۆ ڕاگرتنی ئه‌و بڕیاره بیكه‌ن.''
جێی باسه له داواكارییه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی سلێمانی بۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی پلاندانانی وه‌زاره‌ته‌كه، ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه ئه‌و داواكارییه‌یان له‌سه‌ر داوای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ته‌ندروستیی چه‌مچه‌ماڵ به‌رز كردووه‌ته‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كارمه‌ندی پێویستیان نییه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی نه‌خۆشخانه‌كان.
چه‌مچه‌ماڵ / ئاسان محه‌مه‌د