بەهۆی پشتیوانییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەرهەمی تەماتە زیادی كردووە، جووتیاران دڵخۆشن بەوەی ئێستە حكوومەت كارێكی كردووە زیان نەكەن.
ئەمڕۆ پێنجشەم 25ـی تەمووز، بەشێك لە جووتیاران لەمبارەیەوە بە فەرمانگەی میدیا و زانیارییان گوت، قەدەغەكردنی بەروبوومی هاوردە لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمە ناوخۆییەكان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە، وایكردووە لە زیان بپارێزرێین و بەرهەمی ڕەنج و ماندووبوونمان بە شایستەییەوە وەربگرین.
عەبدولسەمەد عارف بازرگانێكی كشتوكاڵییە و دەڵێت، دوای ڕێكارەكانی حكوومەت بۆ بە بازاڕكردنی بەرهەمی جووتیاران، جیاواز لە پێشوو، ئێستە بازرگانان بە تێچوویەكی زۆرتر لە كێڵگەی جووتیاران بەرهەم دەكڕن و دەیگوازنەوە بۆ بازاڕ، بەوەش بەرهەمی جووتیاران پارەی زیاتر دەكات.
كابینەی نۆی لە كارنامەی خۆیدا، دووپاتی لە پشتیوانیكردنی كشتوكاڵ و هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات كردووەتەوە. لەو سۆنگەوە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە 15 ی شوباتی 2023 لەبارەی پشتیوانیی كشتوكاڵی و جووتیاران گوتی، دووپاتم لەسەر ئەوە كردووەتەوە دەبێت وەبەرهێنان لە بەرهەمی كشتوكاڵدا بكەین، یارمەتیی جووتیاران بدەین، بۆ ئەوەی بتوانن ئەو سامانە نیشتمانییە بە ئاستێك بگەیەنن، ببێتە هۆی ئاوەدانیی وڵات و زیادكردنی داهاتی ناوخۆ.