ئەندامێكی ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگای سلێمانی ئاماژە دەكات كە سلێمانی هیچی بەسەر هیچەوە نییە، ئیدارەی شارەكە و پارێزگار تەنیا سەیر دەكەن و هیچ دەسەڵاتیێكیان نییە، حزب باڵادەستیی خۆی نیشان دەدات و ئەوەی روو دەدات لە بەرژەوەندیی گشتیدا نییە و تەنیا بۆ بەرژەوەندیی كەس و كۆمپانیاكانە.
ئەمڕۆ پێنجشەم، كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پێشوی پارێزگای سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، لە سلێمانی كەس و كۆمپانیا بە ناوی وەبەرهێنان و شتی جۆراوجۆرەوە دەست بۆ هەموو شتێك دەبەن كە موڵكی گشتییە، لە گەرمیان كێشەی خزمەتگوزاری و خزمەتكردن هەیە و ئاوەڕی لێ نادرێتەوە، كەچی خۆیان بە ناوی وەبەرهێنانەوە هەر شوێنێك باش بێت دەستی بۆ دەبەن.
روونی كردەوە، لە بەرانبەر ئەوەی بەسەر سلێمانیدا دەهێنرێت، ئیدارەی شارەكە بێدەنگە و قسە ناكا و دەسەڵاتی نییە، ئەو شارە لە سەردەمی ئەمانەدا زۆر شتی بەسەر هاتووە و ئەوەی ئێستە دەكرێت پێشتر نەكراوە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگای سلێمانی زیاتر ئاماژە دەكات، ئیدارەی شارەكە لە بەیاساییكردن و بەكارهێنانی یاسای وەبەرهێنان و شتی تر بەرانبەر زەوی و موڵكی گشتیی لە شارەكە بێدەنگە، هەرچی شتێك باش بێت بۆ خۆیانی دەكەن و دەیكەن بە پڕۆژە، ئەگەر بابەتێكیش لە بەرژەوەندیی خەڵكدا بێت زەوی نییە یان دەینێرنە دەرەوەی شارەكان.
"لە گەرمیان چەندین ساڵە نەتوانراوە نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی تەواوی بكەن، گوندەكان بێ خزمەتن، دووسایدی رزگاری تەواو نەكراوە، قوتابخانە هەیە 10 ساڵە تەواو نەبووە، چونكە ئەوانە بۆ سوود و بەرژەوەندیی گشتین دەستیان بۆ نابەن، بەڵام وەكو تر بۆ خۆیان ئاوان"، كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پێشوی پارێزگای سلێمانی وا دەڵێت.
لای خۆیەوە ناسر ئیسماعیل، شارەزای ئابووری بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، چونكە زیاتر گرنگی بە پڕۆژەی كۆمپانیاكان دەدرێت، سنوورەكە و خەڵكەكەش كەمتر خزمەت دەكرێن و ئەوەی بۆ بەرژەوەندیی گشتی بێت پێچەوانەی بەرژەوەندییە كەسی و تایبەتەكان لە دواوەیە، بۆیە ئاشكرایە بە ناوی جۆراوجۆرەوە چی دەگوزەرێت.
روونی كردەوە، لە بری خزمەتكردن و دابینكردنی خزمەتگوزاری، گرنگی بە شتی ترەوە دەدرێت كە لە بەرژەوەندیی تایبەتدایە و لە دەرەوەی بەرژەوەندیی گشتییە، نەبوونی چاودێرێكیش لەو كاتەدا وای كردووە كە دۆخەكە زیاتر بەو ئاراستەیە بێت، راستە كەرتی تایبەت كار دەكات، بەڵام سەرەتا دەبێت كارە گشتییەكان بكرێن و دواتر تایبەت، واتە كەرتی تایبەت پێش كەرتی گشتی نەكەوێت.
هەر پێوەست بەو بابەتەوە سۆران هادی، چالاكی مەدەنی بە "وشە"ی گوت، چەندینجار پەرلەمانتاران ئەوەیان ئاشكرا كردووە كە لە سلێمانی دەست بۆ موڵكی گشتی دەبردرێت و پێویستە هەمووان لەوە ئاگەدار بن، ئیدارەی شار لایەنی سەرەكییە لەو بابەتەدا و نابێت ئەوە قبووڵ بكات و حزب باڵادەست نەبێت، كێشەكەش لەوەدایە ئەو كارانە بە یاسا دەكرێن.
وشە/ تایبەت