كارەبای گەڕەكێكی هەولێر دەكرێتە 24 سەعاتی

:: PM:07:35:25/07/2024 ‌
وەزارەتی کارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بە خۆشحاڵییەوە دەستپێکی پڕۆژەیەکی ئەزموونی ڕادەگەیەنێت، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای نیشتیمانیی 24 سەعاتییە بۆ بەشێکی دانیشتووانی گەڕەکی شادی و بەهۆی ئەزموونیبوونی پڕۆژەكەیش، مۆلیدەكان ئاگەدار كراونەتەوە لە ئەگەری پچڕانی كارەبادا هاوئاهەنگ بن بۆ پێدانی كارەبا بە گەڕەكەكە. 

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ی تەمووزی 2024، وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، ئەمڕۆ پڕۆژەیەكی ئەزموونی رادەگەیەنرێت كە ئامانج لێی دابینكردنی كارەبای نیشتمانیی 24 سەعاتییە بۆ بەشێكی دانیشتووانی گەڕەكی شادی، بەهۆی ئەوەی پڕۆژەکە لە قۆناغێکی ئەزموونی دایە، هاوئاهەنگیی پێویست لەگەڵ مۆلیدەکانی گەڕەک کراوە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ئەگەری پچڕانی کارەبا لە ناوچەکەدا.

لەبارەی شێوازی پڕۆژەكەیشەوە وەزارەتی كارەبا روونی كردووەتەوە، مانگانە سەرجەم دانیشتووان و شوێنە بازرگانییەکانی ئەم گەڕەکە تەنیا یەک پسوولەی کارەبایان بۆ دێتەوە، کە بە شێوەیەکی بەردەوام لە ڕێگەی کورتەنامە SMSـەوە ئاگادار دەکرێنەوە لە ڕێژەی بەکارهێنانیان، ئەمەش ئاسانکارییەکە بۆ ئەوەی ئاستی بەکارهێنانیان بزانن.

لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەیش كراوە، ئەم پڕۆژە ئەزموونییە یارمەتیدەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت لەوەی باشتر لە پێویستی و داواکارییەکانی هاووڵاتییان تێبگات، تاوەکو لە داهاتوودا بتوانێت کارەبای 24 سەعاتی بە شێوەیەکی کارامە بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان دابین بکات.


وشە - پۆڵا مەحموود