وەزارەتی دارایی و ئابووری كارئاسانی زیاتر بۆ خانەنشینان دەكات بۆ وەرگرتنی فۆڕمی دابەشكردنی زەوی

:: PM:09:56:25/07/2024 ‌
دوای ئەوەی دوێنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاوی كردەوە كە خانەنشینان دەتوانن بۆ وەرگرتنی فۆڕمی زەوی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێوەندار لە شار و شارۆكەكان بكەن، ئەمڕۆ لە ئاگادارییەكدا بڵاوی كردووەتەوە بۆ كارئاسانی بڕیار درا، بۆ توێژی خانەنشیان وەرگرتنی فۆڕمی دابەشكردنی زەوی لە رێگەی ئەو بانكانەوە بێت كە مووچەی خانشینی لێ دابەش دەكرێت. 

ئەمڕۆ پێنجشەم 25ی تەمووزی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، لەپێناو بەرژەوەندی و کارئاسانی زیاتر بۆ توێژی خانەنشینان بڕیار درا وەرگرتنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی لە ڕێی ئەو بانکانەوە بێت کە مووچەی خانەنشینی لێ دابەش دەکرێت.

لە ئاگادارییەكە چوار تێبینی ئاماژەی پێ دراوە و هاتووە كە فۆڕمەكان لە رۆژی دووشەمەوە لە رێگەی بانكەكان دابەش دەكرێن، و تەنیا ئەو خانەنشینانە دەتوانن فۆڕم وەربگرن كە لە ژیاندا ماون و پێشتر سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی و یەكەی نیشتەجێبوون. 

وەزارەتی دارایی ئەوەیشی ئاماژە پێداوە، کە پێویستە فەرمانبەری خانەنشینکراو فۆڕمەکان لە ڕێگای فەرمانگەی خانەنشینی پێوەندیدار لە شارو شارۆکەکان بگەڕێنێتەوە.

جێگەی ئاماژەیە لە 27ی ئاداری ئەمساڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان بە بڕیاری مەسروور بارزانی، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری راسپارد كە زەوی بەسەر تەواوی ئەو فەرمانبەرانەی حكوومەتی هەرێم دابەش بكرێت كە تا ئێستە لە وەرگرتنی زەوی و شوقە و یەكەی نیشتەجێبوون سوودمەند نەبوون.


وشە - پۆڵا مەحموود