هەرێمی کوردستان هەنگاوی ئەرێیی لە ڕووی دەرکردنی یاساوە ناوە بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی خێزانی، ئەمە گوتەی ڕێخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتییە سەبارەت بە ژنان لە كوردستاندا.
ئەمڕۆ هەینی، 26ی تەمووز، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێكدا سەرنج دەخاتە سەر دۆخی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان و باس لەوە دەکات، کوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەف کەم بووەتەوە و لە هەرێمی کوردستان، شێڵتەرەکان بوونەتە پەناگە بۆ ئەو ئافرەتانەی ڕووبەڕووی توندوتیژیی خێزانی دەبنەوە.
ئەوەش خراوەتە ڕوو، هەرێمی کوردستان ژمارەیەک هەنگاوی ئەرێنی لە ڕووی یاساییەوە گرتووەتەبەر بۆ پارێزگاریکردن لە ئافرەتان و کەمکردنەوەی توندوتیژی خێزانیی. هەروەها چەند پەناگەیەکی کاتی و هەمیشەیی لە هەرێمی کوردستان کراونەتەوە و لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە پارەدار دەکرێن بۆ پاراستن و داڵدەدانی ئەو ئافرەتانەی ڕووبەرووی توندوتیژی خێزانیی دەبنەوە.
ڕاپۆرتەکە جەختی کردووەتەوە لەسەر پێویستی دڵنیابوونەوەی حکوومەت لەوەی پەناگەکان بەشی پێویست پارەیان لەبەردەستدایە بۆ داڵدەدان و پاراستنی قوربانی و ئافرەتانی هەڵاتوو لە توندوتیژی.
لە بەشێکی دیکە ڕاپۆرتەکەیدا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشداوە، کەمکردنەوەی سزای بکوژ بە پاساوی شەڕەف لە هەرێمی کوردستان نەماوە، هەروەها حکوومەت یاسای تایبەت بە توندوتیژی خێزانی باشترکردووە.
هەر لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی کوشتنی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان کەمبووەتەوە لە ساڵی 2023 نزیکەی 30 ئافرەت کوژراون، لەکاتێکدا ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2022 نزیکەی 45 ئافرەت بووە. هەروەها لە ساڵی 2023، زیاتر لە 18 هەزار و 620 کەیسی تووندوتیژیی خێزانی گەیشتووەتە دەستی داواکاریی گشتی.
هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ژمارەیەک ڕاسپاردەی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ باشترکردنی دۆخی ئافرەتان لەوانەش: ئەوانەی توندوتیژی خێزانی دەکەن بە زوویی دەستگیر بکرێن، مەرجی تۆمارکردنی داوای یاسایی لەسەر قوربانیانی توندوتیژی خێزانی لادەن و پەناگەی زیاتر بۆ ئەو ئافرەتانە دابین بکەن کە ڕووبەڕووی توندوتژی دەبنەوە.