بڕیارە لە قوتابخانەكانی سنووری هەورامان تا پۆلی سێ بنەڕەتی بە هەورامی بخوێنرێت

:: AM:11:39:27/07/2024 ‌
بڕیارە ئەمساڵ لە قوتابخانەكانی سنووری هەورامان تا پۆلی سێ بنەڕەتی بەهەورامی بخوێنرێت، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرامەكانی وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت، بڕیارێكی وا هەیە، بەڵام بۆ ئەمساڵ جێبەجێ ناكرێت.

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرایەوە كە لەسەر داوای خەڵكی ناوچەی هەورامان، حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری حكوومەتی كوردستان پێشنیاری كردووە، وەزارەتی پەروەردە لە ناوچە هەورامییەكاندا پرۆگرامی خوێندن بكرێتە هەورامی.

لەمبارەیەوە حەسەن سەرتیپ بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرامەكانی وەزارەتی پەروەردە، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ "وشە" گوتی، وەزیری پەروەردە پڕۆژەیەكی وای لە بەردەستە، بەڵام هێشتا پڕۆژەكە نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە و بۆ ئەمساڵ  ناتوانرێت ئەو كارە بكرێت.

بەڕێوەبەرەكەی وەزارەتی پەروەردە ئەوەشی گوت،  لە ناوچەی بادینان هەموو وانەكانیان بە بادینی دەخوێنن، ئەوەش لە سەردەمی كابینەكانی پێشووی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا ئەو كارە كراوە كە ناوچەی بادینان، بادینی بخوێنن و كەمێك سۆرانیش لە وانەكانیاندا هەبێت.

مامۆستا حەسەن سەرتیپ ئاماژەی بەوەش دا، ئەو پێشنیاری هەورامی و بادینییە، پێشنیارێكی خراپە و ئێمە دژی ئەو كارانەین و پێمان وایە دەبێت هەر میلەتێك زمانێكی ستانداردی بۆ خوێندن هەبێت و هەموو ناوچەكان بەو زمانە بخوێنن.

لەبارەی ئەوەی سۆرانی بە بادینی دەخوێنن یان پێشنیاری هەورامی خوێندن، ناوچەكانی سۆرانیش دەگرێتەوە، بەڕێوەبەری پر‌وگرامەكان گوتی، شتی وا نابێـت، وانەی هەوارمی ئەگەر بچێتە ناو خوێندنەوە، تەنیا بۆ ناوچە هەورامییەكانە.

بەرپرسەكەی وەزارەتی پەروەردە باسی لەوەش كرد، ئێستەش بە هەورامی شتمان لەناو وانەكانی سۆرانیدا هەن، ئەوە كێشە نییە لە ناوچە بادینییەكەش وانەی سۆرانی دەخوێنرێت.

لە وانەكانی بنەڕەتی سۆرانیدا هەموو بنزارەكانی وەك هەورامی و لوڕ و سەرجەم زارەكانی تێدایە، بەڵام پێشتر لە سەردەمی كابینەكانی پێشوو بڕیار درا هەر ناوچەیەك بەتایبەت بادینان، بە زاری خۆیان بخوێنن، ئەوەش بەڕاستی كارێكی خراپ بوو، دەبوو زمانێكی ستاندارد بۆ هەموو پرۆگرامی خوێندن هەبێت، ئێمە لە وەزارەت لەگەڵ پارچە پارچەكردنی زمانەكە نین و پێمان وایە لە هیچ وڵاتێكیش ئەو كارانە نەكراون، خەڵك بەگشتی زمانێكی ستانداردیان هەیە و لە سەرانسەری وڵات بەو زمانە دەخوێنن، حەسەن سەرتیپ وای گوت.



وشە - سۆران عەزیز