لە كوردستانێكی گەرمی پڕ خۆردا بۆچی هەموو كورد ڤیتامین دی كەمە؟

:: PM:12:28:27/07/2024 ‌
قسەیەكی باو هەیە دەڵێت، هەموو كورد ڤیتامین دی كەمە، ئەم قسەیە لەڕووی زانستییەوە چەندە ڕاستە بۆ وڵاتێك كە زۆربەی كاتەكانی تیشكی خۆری گەرمی هەیە، ئایا ئەو ڤیتامینە تەنیا لەڕێی تیشكی خۆرەوە دەستمان دەكەوێت؟.

د. سیروان عەباس لەمبارەیەوە بە"وشە"ی راگەیاند، ڕاستە تیشكی خۆرمان زۆرە، بەڵام جۆرەكانی خۆراك و شێوازی ژیان ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن لە بەدەستهێنانی ڤیتامین دیدا.

د. سیروان كە پسپۆری خۆراكە و شارەزای ڤیتامینەكانە، ئاماژەی بەوە دا كە  ڤیتامین دی رۆڵی سەرەكی هەیە لە گەشە و ڕێك و بەهێزی  لەشمان، هۆكارە بۆ مانەوەمان بەشێوەیەكی تەندروست.

پسپۆرەكەی بواری خۆراك گوتی، ڤیتامین دی پێویستە بۆ تەندروستی و گەشەی ئێسك، چونكە یارمەتیی هەڵمژینی كالیسیۆم و كانزاكان دەدات و بەوەش ئێسك گەشە دەكات، بۆیە ئەگەر لە تەمەنی منداڵی و گەنجی ڤیتامینەكان بەتایبەت جۆری دی باش وەربگیرێت، باڵایەكی رێك و گەشەكردوو و تەندروست بنیات دەنێیت.

سیروان عەباس ئەوەشی گوت، ڤیتامین دی یەكێكە لە باشترین و پێویستترین جۆری ڤیتامینەكان بۆ لەشی مرۆڤ، ڕەنگە ئاسایی بێت بەلاتەوە نیشانەكانی كەمیی ڤیتامین دی  پشتگوێ بخەیت، بەڵام دەبێت چاوەڕوانی ئەم كێشانەش بیت بۆت دێنە پێش. لاوازی و بێهێزی و داهێزرانی لەش و شەكەتی زۆری ماسولكەكان.

ڤیتامین دی یارمەتیدەری هەناسەدانە، ئەگەر ئەو ڤیتامینەت كەم بێت، كێشەی هەناسەیەكی رێكت بۆ دروست دەبێت و بەوەش لە داهاتوودا چەندان نەخۆشیی تر بەدوای خۆیدا دێنێت وەك  خەمۆكی، هەوكردنی درێژخایەن، نەخۆشییەكانی دڵ،  نەخۆشیی سەدەفی، ئازاری درێژخایەن، شەكەتی، بەرزی فشاری خوێن، تێكچوونی میزاج، نەخۆشیی درێژخایەنی گورچیلە.

د. سیروان دەڵێت، ئێمە وڵاتێكین تیشكی خۆرمان هەیە، بەڵام خەڵك بەگشتی كێشەی ڤیتامینەكان بەتایبەت جۆری دی هەیە، ئەوەش لەبەرئەوەی لە كاتی بەیانیان یان خۆر ئاوابوون ناتوانین بەڕووتی یان نیوەڕووتی بچینە بەرخۆرەكە و پێمان وایە مادەم خۆری زۆرمان هەیە، بە جلەكانمانەوە دەتوانین وەریبگرین، بەڵام ڤیتامین دی دەبێت لە كاتێكی دیاریكراودا بەجەستەیەكی ڕووتەوە خۆتی بۆ شل بكەیت تا لەشت پڕ بكات لە ڤیتامین دی.



وشە - سۆران عەزیز