لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستە 49 حاڵەتی خنكان لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون

:: PM:02:00:27/07/2024 ‌
هەموو ساڵێك لە وەرزی هاویندا ڕێژەیەك خنكان بەهۆی مەلەكردنەوە بڵاو دەكرێنەوە، بەگوتەی بەرگریی شارستانی ئەمساڵ ڕێژەكە زیاتر بووە.

دەستەی پاراستن و ژینگەی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ڕێژەی خنكان لە ئاودا لە هەرێمی كوردستان زیاتر بووە و لەو ڕێژەیەش زۆرینەیان گەنجن.

لە وەرزی گەرمادا خەڵكێكی زۆر دەچنە كەناری دەریاچە و بەنداوەكانەوە و ئەمەش حاڵەتی خنكانی لێ دەكەوێتەوە، تەنیا دوێنێ هەینی لە هەرێمی كوردستان، لە زێی بچووك و زێی گەورە و ڕووباری خابیر لە زاخۆ و بەنداوی خاسە لە كەركووك، چوار كەس خنكاون. جگە لەوەی تەرمی دوو كەسی تریش دۆزراونەتەوە كە پێشتر خنكابوون.

دەستەی پاراستن و ژینگەی هەرێمی كورستان، داوا لە هاوڵاتییان دەكات پەلە نەكەن بۆ مەلەكردن و لە هەموو شوێنێكدا مەلە نەكەن كە شارەزایی قووڵیی ئاوەكە نەبن.

سەركەوت كاڕەش گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا 25ـی تەمووز، 49 حاڵەتی خنكان لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون كە زۆرترین حاڵەتیان لە هەولێر و سلێمانی بوون.

لە هەرێمی كوردستان چەندان دەریاچە و ڕووبار و چەم هەن كە بەشێكیان خوڕی ئاوەكەیان زۆرە یان پلەی گەرمییەكەیان نزمە، ئەوانەش هۆكارن بۆ ئەوەی بەتەواوی هاوڵاتییان نەتوانن مەلەی تێدا بكەن و ڕووداوی خنكانی لێ دەكەوێتەوە.



وشە - سۆران عەزیز