بەشێكی زۆر لە ئەنگللاینەكانی تاوەری هێڵی 33 كەیڤی "عەربەت- سەیدسادق" دزرا و بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی هەستان بە چاككردنەوەی هێڵەكە، وەزارەتی كارەبایش لەبارەی مەترسیی رووداوەكە ئاشكرای كردووە كە ئەم كارانە مەترسیی كەوتن و پچڕانی كارەبای لێدەكەوێتەوە.
ئەمڕۆ شەموو 27ی تەمووزی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی بڵاوی كردەوە، یەکێک لەو دیاردانەی کە ناوبەناو لە هەندێک ناوچە دووبارە دەبێتەوە لێکردنەوەی ئاسن و ئەنگڵلاینی هەندێک لە تاوەرەکانی گواستنەوەی وزەی کارەبایە.
بەڕێوەبەرایەتییەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەمڕۆ سەرباری ئەوەی پشوو بوو، هۆبەی هێڵەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی کارەبای سلێمانی دووبارە ئەنگڵلاینی تاوەرێك لە هێڵی 33 كەیڤی "عەربەت -سەیدسادق"یان دانایەوە كە بەشێكی زۆری ئەنگڵلاینەكانی دزرابوو.
لای خۆشییەوە وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی رووداوەكەوە لە روونكردنەوەیەكی كورتدا ئاماژەی داوە كە مەترسیی ئەم كارە لەوەدایە، مەترسیی كەوتن و چڕانی كارەبای لێدەكەوێتەوە.