كارمەندێكی كۆماندۆ چایچییەكی كوشت

:: PM:10:52:27/07/2024 ‌
لەسەر قینی دوێنی شەو، كارمەندێكی كۆماندۆی سلێمانی دەستڕێژی گولەی لە كاسبكارێكی گەڕەكی راپەڕین كردووە و بەهۆیەوە دەستبەجێ گیانی لە دەستداوە و لە هەمان شوێندا كەسێكی تریش بە سووكی بریندار كراوە. 

ئەمشەو شەموو 27ی ئاداری 2024، بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری "وشە" لە سلێمانی، لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی كارمەندێكی كۆماندۆ سەردانی چایخانەیەك دەكات، بەهۆی ئەوەی دوێنی شەو لەگەڵ چایچییەكە دەمەقاڵێیان هەبووە، ئەمشەو لەهەمان شوێندا دەمەقاڵی دروست بووەتەوە و لەلایەن كارمەندەكەی كۆماندۆوە چایچییەكە دراوەتەوە بەر دەستڕێژی گولە و دەستبەجێ چایچییەكە گیانی لە دەست داوە. 

بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری "وشە" لە سلێمانی لە هەمان شوێنی رووداوەكە بەهەمان هۆكار، كەسێكی تریش بریندار بووە.

جێگەی ئاماژەیە، لەماوەی 10 رۆژدا ئەمە دووەم رووداوی كوشتنی هاووڵاتییانی سڤیلە لەلایەن كارمەندەكانی كۆماندۆوە، بە جۆرێك لە 16ی ئەم مانگە مێردمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان بەهەمان شێوە لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانیی لە لایەن ئەندامێكی هێزەكانی كۆماندۆوە كوژرا و پۆلیسیش رای گەیاند بەپێی مادەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی تۆمەتبار گیراوە.



وشە - پۆڵا مەحموود