"دوای ئەوەی سەرۆكی حكوومەت بڕیاری ناردنە دەرەوەی هەنگوینی دا هەنگەوان زۆر بوون"

:: AM:11:39:28/07/2024 ‌
هەنگەوانێكی دیاری كوردستان رای گەیاند، بەهۆی بایەخی بەردەوامی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی كوردستان، بەتایبەت لە دوای ئەوەی بڕیاری ناردنە دەرەوەی هەنگوینی دا، خەڵكێكی زۆر دەستیان داوەتە هەنگداری، ئەمەش وایكردووە بەهۆی ناشارەزایی ئەو خەڵكە، نەخۆشییەكانی هەنگ زۆر بوون و ئەمساڵ هەنگوین كەمی كردووە.

ئەحمەد پشدەری سەرۆكی رێكخراوی هەنگەوانانی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا، بۆ "وشە" گوتی، چەندان هۆكار هەن كە بوونەتە هۆی ئەوەی بەروبوومی هەنگ لەم دوو ساڵەدا لە كوردستان كەم بكەن، لەوانە گۆڕانی كەشوهەوا و بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمی، هاوكات بارانی زۆری بەهار و نەهێشتنی شیلە لە مانگەكانی پێنج و شەشدا، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكانی هەنگ كە ئەوەش زیانی زۆری بەهەنگ گەیاندووە و پوورە هەنگەكانی لاواز كردووە.

ئەحمەد پشدەری ئەوەشی گوت، لە دوای هەوڵە بەردەوامەكانی سەرۆكی حكوومەت و بایەخی ڕژدی بە بەروبوومی خۆماڵی و بڕیاری هەناردەكردنی هەنگوین بۆ وڵاتان، خەڵكێكی زۆر دەستیان داوەتە هەنگداری و ئەوەش هەندێ لێكەوتەی خراپی دروست كردووە.

پشدەری لەبارەی ئەو لێكەوتانەوە گوتی، ئەو خەڵكە زۆرینەیان ئیشەكە نازانن، وایان كردووە هەنگێكی لاواز و نەخۆش لە كوردستاندا زۆر بێت و هەنگیش كە لاواز بوو، بەرگەی نەخۆشییەكان ناگرێت، بەو هۆیەوە نەخۆشییەكانی هەنگ زۆر بوون و زیانی لە تەواوی هەنگداری لە كوردستان داوە.

ئەو هەنگەوانە بەئەزموونە لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ "وشە" گوتی، دوو ساڵە بەهۆی ئەو خاڵانەی باسم كردن، ڕێژەی هەنگوینی بەرهەمهاتوو كەمی كردووە و ئەمساڵ بەتایبەت هەنگوین زۆر كەم بووە، بازاڕەكانی كوردستانیش پڕ بوون لە هەنگوینی خراپی هاوردەكراوی وڵاتانی دەوروبەر.

ساڵانە گۆڕانكاری بەسەر ڕێژەی بەرهەمی هەنگویندا دێت، جۆرێك كە لە ساڵی 2020 بەرهەمی هەنگوین لە هەرێمی كوردستان 500 تۆن بوو، لە 2021 بەرهەم زیادی كرد و گەیشتە 700 تۆن، لە 2022 لە بەرزترین ئاستدا گەیشتە نزیكەی هەزار تۆن، لە 2023 بەرهەم كەمی كرد و گەیشتەوە خوار 500 تۆن، ئەمساڵیش بەگوێرەی پێشبینییەكانی تۆڕی هەنگەوانانی كوردستان، بەرهەمی هەنگوین لە هەرێمی كوردستان ناگاتە 400 تۆن.



وشە - سۆران عەزیز