د. غاندی شێخ محەمەد كەریم، پەرلەمانتاری عێراق و برای شێخ نەهرۆ كەسنەزانی ئەمڕۆ كۆچی دوایی كرد، بەم بۆنەیەوە سەرۆك بارزانی پەیامێكی سەرەخۆشیی ئاراستەی شێخ نەهرۆ كەسنەزانی كرد.
ئەمڕۆ 28ی تەمووزی 2024، لە پەیامێكی سەرەخۆشی سەرۆك بارزانیدا هاتووە، بەڕێز شێخ نەهرۆ کەسنەزانی ڕێبەری تەریقەتی قادری بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی "غاندی شێخ محەمەد کەریم"ـی برای بەڕێزتانمان پێ گەیشت.
لە پەیامەكەی سەرۆك هاتووە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی ئێوە و خانەوادەی بەڕێزتان و کەسوکارتان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمتان دەزانم، لە خودای گەورە داواکارم ڕۆحی برای خوالێخۆشبووتان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەک ببەخشێت.
غاندی محەمەد عەبدولكەریم قادر كەسنەزانی لە ساڵی 1972 لە دایك بووە، برای شێخ نەهرۆ كەسنەزانی و یەكێكە لە موریدەكانی تەكیەی كەسنەزانی و بڕوانامەی لە یاسای نێودەوڵەتی هەبوو.
ناوبراو ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری بوو لە پەرلەمانی عێراق، دوای بەدەستهێنانی شەش هەزار و 920 دەنگ توانی ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئێوارەى ئەمڕۆ 28ى تەمووزى 2024 بە جەڵتەى دڵ کۆچی دوایی کرد.