ئاگرێكی گەورە لە گۆیژە كەوتەوە

:: AM:08:43:29/07/2024 ‌
ئاگرێكی گەورە لە گۆیژە كەوتەوە، رووبەرێكی فراوان لە شاخەكە بەهۆی ئاگرەكەوە سووتا، تائێستە هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە نادیارە.

ئەمڕۆ دووشەم 29ی تەمووز، ئاگر لە شاخی گۆیژەی سلێمانی كەوتەوە و ڕووبەرێكی فراوانی گرتەوە، بەهۆیەوە زیاتر لە 200 دۆنم دار و پووش و پەڵاشی شاخەكە سووتان و لە چەند شوێنێك ئاگرەكە نزیكی گەڕەكەكانی بناری گۆیژە كەوتووەتەوە.

بەرگریی شارستانیی سلێمانی بڵاوی كردەوە، لە سەعات سێی بەرەبەیانییەوە تیمەكانیان لە ئاگركەوتنەوەكەی شاخی گۆیژە ئاگادار كراونەتەوە، بەڵام بەهۆی هەڵكردنی باوە ئاگرەكە خێرا تەشەنەی كردووە و ڕووبەرێكی فراوانی گرتووەتەوە و دوای چەند سەعاتێك توانراوە كۆنترۆڵی ئاگرەكە بكەن.

بەگوێرەی خەمڵاندنی سەرەتایی بەرگریی شارستانیی سلێمانی، ئاگرەكە ڕووبەری زیاتر لە 200 دۆنمی سووتاندووە كە چەند جۆرێكی جیاوازی داری تێدایە و تا ئێستەش هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە نەزانراوە.

پێشتریش لە سەرەتای حوزەیران و ناوەڕاستی ئەیلوولی ساڵی 2019، دووجار ئاگر لە شاخی گوێژە كەوتەوە و بەهۆیەوە ڕووبەرێكی فراوانی دارستانەكانی شاخەكە سووتان.


وشە - رامیار جەواد