پارەی كارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان دیاری كرا

:: PM:01:19:29/07/2024 ‌
بەرپرسێكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رای گەیاند، ئەو كەسانەی دەبنە كارمەندی سەر سندووقەكانی دەنگدان لە رۆژی دەنگداندا، بڕی 250 هەزار دیناریان وەك شایستەی دارایی پێ دەدرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 29ـی تەمووز، سەعد حەمدانی لە دەستەی ئاماری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە "وشە"ـی راگەیاند، ناوتۆماركردنی ئەو كەسانەی دەیانەوێت ببنە كارمەندی سەر سندووقی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تەواو بووە.

زیاتر گوتی، نزیكەی 40 هەزار كەس پێویستیی كۆمسیۆنە بۆ سەرپەرشتیی هەڵَبژاردنەكان، لە دوای وردبینیكردنی ناوەكان، تیروپشكیان بۆ دەكرێت و ناوەكان رادەگەیەنرێت.

باسی لەوەش كرد، زیاتر لە 100 هەزار كەس ناوی خۆیان تۆمار كردووە، بەڵام بە تیروپشك ناوەكان یەكلا دەكرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو كەسانەی فەرمانبەری حكوومی بن و وەك كارمەندی سەر سندووقی دەنگدان كار بكەن، بڕی 150 هەزار دینار و سوپاسنامەیەكیان پێ دەدرێت، ئەوانەشی فەرمانبەری حكوومی نەبن، بڕی 250 هەزار دیناریان وەك شایستەی دارایی پێ دەدرێت.

بڕیارە لە 20ـی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت، ئێستە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان سەرقاڵی ئامادەكارییەكانە بۆ هەڵبژاردن.



وشە - رامیار جەواد