بەهۆی ئەوەی كە "ئاری چایچی" لەلایەن ئەو هێزەوە شەهید كرا كە بافڵ تاڵەبانی بەردەوام ستایش و دەستخۆشییان لێ دەكات و لە بەرانبەریشدا لاهوور شێخ جەنگی سەرۆكی بەرەی گەل لە هەڕەشەیەكدا بۆ بەردەوامیی ئەم كارانە لە شارەكەدا لە دەركەوتنێكی میدیاییدا گوتی كە ئەو كارە قبووڵ ناكرێ، شنیار ئەنوەر ئەو كەسەی كە لە ماوەی رابردوودا خۆی لە بەرگی چالاكوان حەشاردابوو و هێرشی دەكردە سەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەركەوت كە لەلایەن یەكێتییەوە پارەدار دەكرێت و كاندیدی حزبەكەیە لەسەر بافڵ تاڵەبانی هاتە وەڵام و هێرشی كردە سەر لاهوور شێخ جەنگی.
ئەوەی تێبینی دەكرێت لەمڕۆوە بەشێوەیەكی گشتی میدیاكانی یەكێتی هێرشێكی بەرفراوانیان بۆ سەر لاهوور شێخ جەنگی و بەرەی گەل دەست پێ كردووە و لە رێگەی هەموو ماڵپەر و وێبسایت و كەناڵەكانییانەوە شەڕی لاهوور دەكەن و لە یەكێك لە هەوڵەكانیشیاندا، شنیار ئەنوەر ئەو كەسەی كە لە ماوەی رابردوودا خۆی بە چالاكى سەربەخۆ ناساندبوو، لە بەرانبەر بەناحەق شەهیدكردنی چایچییەك هاتووەتە دەنگ لە لاهوور شێخ جەنگی.
ئەمشەو 29ی تەمووزی 2024، شنیار ئەنوەر كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بڵاوكراوەیەكی فەیسبووكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی خۆی بڵاوی كردووەتەوە، لەمن مەپرسن و لە خەڵكی سلێمانی و رۆژنامەنووسانی سەربەخۆ بپرسن، لە وەبەرهێنەران بپرسن كە سەردەمی لاهوور چۆن سلێمانی ببووە شاری مافیاكانی ئیتاڵیا.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا شنیار كە ئاراستەی قسەكانی رووە و لاهوورە و بە "ئیعاز"ى یەكێتی نووسیوویەتی، ئێستە كە هیچ پڕۆژەیەكت نییە، دوو "جوملە"ی رێكوپێك نازانی و هاتوویت بازرگانی بە خوێنی كاكە ئارییەوە دەكەیت.
ئەم نووسینەی كاندیدەكەی یەكێتی لە كاتێكدایە، دوێنێش لەبارەی شەهیدكردنی "ئاری چایچی"یەوە لە پۆستێكدا رەوایەتیی بە شەهید كردنی ئەو گەنجە دابوو لەلایەن كۆماندۆوە، بە نووسینێك هەوڵی ئەوەی دابوو كە ئەستۆی كۆماندۆ لە شەهیدكردنی "ئاری چایچی" پاك بكاتەوە، بە جۆرێك لە نووسینەكەی دوێنێ شەودا ئاماژەی بەوە كردبوو، کارمەندەکەی کۆماندۆ کاتێک ئەو کارەیان کردووە کە لە دەرەوەی ئەرک بوون، واتە وەک مەفرەزە و بە فەرمان ئەو کارەیان نەکردووە، ئەمە لە كاتێكدایە، لە هەمان ئەو گەڕەكەی كە ئاری چایچی تیادا شەهید كرا، لەم مانگەدا مێردمنداڵێكی 16 ساڵ لەلایەن ئەندامێكی هەمان هێزەوە شەهید كرا.