دوای ئەوەی رووداوی كوشتنی كاسبكارێكی شاری سلێمانی شارەكەی هەژاند، لە دوو رۆژی رابردوو سێ كەس لە كاسبكارانی بازاڕی راپەڕین بە بیانووی ئەوەی قسەیان بۆ میدیاكان كردووە گیراون، ئەوان وەك شایەتحاڵ زانیارییان لەسەر رووداوی كوشتنی "ئاری رزگار" داوە.
سەرچاوەیەكی ئاگەدار بە "وشە"ی راگەیاند، لە دوو رۆژی رابردوو سێ كەس لە كاسبكارانی بازاڕی راپەڕین بە بیانووی ئەوەی قسەیان بۆ میدیاكان كردووە گیراون، كە وەك شایەتحاڵ زانیارییان لەسەر رووداوی كوشتنی "ئاری رزگار" داوە.
روونی كردەوە، ئەو سێ كەسە لە لایەن ئاسایشە گیراون و هەر لە ناو بازاڕەكە كار دەكەن، هاوڕێ و دۆستی "ئاری رزگار"ن، تا ئێستە هیچ سۆراغێكیان نییە و چارەنووسیان نادیارە، ئەوان تەنیا تاوانیان ئەوە بووە كە قسەی راست و رەوایان لەبارەی تاوانەكە كردووە.
لەبارەی رووداوی كوشتنی "ئاری رزگار"ەوە لە لایەن كارمەندێكی كۆماندۆی یەكێتییەوە ئەو سەرچاوە گوتی، ئەو شەوە هەموو كاسبكارانی بازاڕەكە و ئەو خەڵكانەش كە هاتبوونە ئەو بازاڕەوە ئاگەدارن كە ئەو كارمەندەی كۆماندۆ بە تەنیا نەبوو، بەڵكو دوو كارمەندی تری كۆماندۆی لەگەڵدا بوو و هەرسێكیان بە یەكەوە تەقەیان دەكرد، بەڵام تەنیا یەك كەسیان گیراوە.
"ئاری رزگار"، گەنجێكی كاسبكاری تەمەن 30 ساڵ بوو لە بازاڕی گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی لە كاتی كاركردن لە لایەن كارمەندێكی كۆماندۆی یەكێتییەوە دەستڕێژی گوللەی لێ كرا و دەستبەجێ گیانی لە دەست دا، ئەمەش كاردانەوەی توندی هاووڵاتییانی بە دوای خۆیدا هێنا.
وشە/ تایبەت