پێدانی فۆرمی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان بەردەوامە، بەپێی ئەو كاتەی دیاری كراوە لە كۆتایی مانگی ئاب، دەست دەكرێت بە كۆكردنەوەی فۆرمەكان و بۆ شوێنی مەبەست بەرز دەكرێنەوە.
دوێنێ فۆرمی دابەشكردنی زەوی بەسەر خانەنشینان دەستی پێ كرد و چەند مەرجێكیش هەیە، پێویستە خانەنشینكراو پێش ئەوەی فۆرمەكە وەربگرێت بیخوێنێتەوە، ماوەی سێ هەفتەشە لە فەرمانگە حكوومییەكان پرۆسەكە بەردەوامە.
ئەمڕۆ سێشەم 30ـی تەمووز، سێبەر رەزاق كارگێڕی یەكێك لە بانكەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، دوێنێ لە سەرجەم بانكەكانی شار و شارۆچكەكان، دەست كرا بە پێدانی فۆرمی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا.
زیاتر گوتی، دەبێت كەسی خانەنشینكراو بۆ خۆی لە ژیاندا مابێت و ناسنامەی خانەنشینییەكەی لەگەڵ خۆیدا ببات بۆ ئەو بانكەی كە مووچەی خانەنشینی لێ وەردەگرێت، پاشان دەتوانێت فۆرمەكەی پێ بدرێت.
باسی لەوەش كرد، كەسی خانەنشینكراو پێویستە لە ماوەی 15 ڕِۆژ فۆرمەكە بگەڕێنێتەوە بانك و سەرجەم كارەكانی تەواو بكات، چونكە ئێمەش دەبێت تا كۆتایی مانگی ئاب فۆرمەكە بۆ شوێنی خۆی بگەڕێنینەوە.
روونی كردەوە، ئەو خانەنشینانەی كە لە ژیاندا نەماون و تەنیا وارسیان هەیە، ناتوانن سوودمەند ببن لە وەرگرتنی زەوی، هەروەها سەرجەم خانەنشینان كە لە ژیاندا ماون بەبێ جیاوازی، دەتوانن فۆرمەكە وەربگرن بە خانەنشینانی سەربازیشەوە، بەمەرجێك پێشتر سوودمەند نەبووبێت لە وەرگرتنی زەوی.