وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ڕای گەیاند، "سەرەتای مانگی داهاتوو بە یاوەری شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ هاوتاكردنی مووچەی 72 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت دەچمە بەغدا".
كوێستان محەمەد رای گەیاند، بۆ بەدواداچوونی سێ پرسی پێوەست بە خاوەن پێداویستی تایبەت و چاودێری خێزان، بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو بە یاوەری شاندێكی كوردستان بچینە بەغدا.
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ئەوەشی گوت، "شاندەكە بۆ هاوتاكردنی مووچەی 72 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت و تۆماركردنی 13 هەزار و 120 خاوەن پێداویستی تایبەت دەچێتە بەغدا.
كوێستان ئاماژەی بەوەش داوە، لە 2015 پارەی چاودێری خێزان بڕاوە، ئامانجمانە هاوشێوەی دوو ملیۆن خێزانی عێراق، ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكرێتەوە.
بەپێی قسەكانی وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی لەسەردانەكەیاندا بۆ بەغدا كەبەبڕیاری سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەچن، داوا دەكەن مووچەی خاوەنپێداویستییە تایبەتەكان هاوتای عێراق بكرێت، چونكە كەمترین مووچە لەوێ 250 هەزار دینارە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان 150 هەزار دینارە.