له سلێمانییه‌وه، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رای گه‌یاند، مووچه هیچ كێشه‌یه‌كی له به‌رده‌مدا نییه و ده‌نێردرێ.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م 30ی ته‌مووز، د.ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له شارى سلێمانی قسه‌ی بۆ رۆژنامه‌نووسان كرد و گوتی، مه‌سروور بارزانی خۆی له هه‌موو كه‌س به خه‌مخۆرتر ده‌زانێت بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه، "ئێمه‌ی ڕاسپاردووه كه ده‌بێت سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه، ڕاپه‌ڕین و گه‌رمیان بۆ خزمه‌تگوزاری پێش بخرێن".
سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم، له‌باره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا گوتی، به‌غدا به‌بێ كێشه مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی مه‌ده‌نی ده‌نێرێت، هاوكات كێشه‌ی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی سه‌ربازیش تا ڕاده‌یه‌كی باش چاره كراوه.
له‌باره‌ی ئه‌و بڕیارانه‌ی كه ئه‌مڕۆ له سلێمانی وه‌كو حكوومه‌ت داویانه، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی ورده‌كاری دا و گوتی، ئه‌و بڕایارانه‌ی كه دراون له‌سه‌ر ئاستی كارگێڕی و زیاتر پێدانی ده‌سه‌ڵاته. بڕیاره‌كانی بواری دارایی‌ش له ڕووی زیادكردنی نه‌سرییه و میلاكاته. هه‌روه‌ها بڕیار بۆ چاره‌كردنی كێشه‌ی زه‌ویوزاره‌كانی ئه‌م سنووره ده‌ركرا، كه توانراوه كێشه‌كان دیاری بكرێن و چاره‌ی پێویستیان بۆ بدۆزرێنه‌وه.