ئەنجوومەنی باڵای فەتوای كوردستان: ئەو کەسەى لە ژیاندا بێت و کڕین و فرۆشتن بە ئەندامانی جەستەیەوە بکات حەرامە

:: PM:09:41:30/07/2024 ‌
سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان رای گەیاند، ئاینی ئیسلام رێگەی بە مسوڵمانمان داوە دوای مردنیان ئەندامانی جەستەیان ببەخشن، بەڵام بازرگانیكردن لە رێگەی كڕین و فرۆشتنی ئەندامەكانی جەستەوە "حەرامە"، هاوكات تا ئەوكاتەی زیندووشە نابێت هیچ ئەندامێكی جەستەی ببەخشرێت. 

ئەمڕۆ، دكتۆر حەسەن موفتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێم رای گەیاند، ئەوەی لە ژیاندا بێت کڕین و فرۆشتن بە ئەندامانی جەستەیەوە بکات حەرامە و دروست نییە، چونکە هەر ئەندامێکی جەستە کە خوای گەورە دروستی کردووە مرۆڤ خاوەنی نییە، هیچ ئەندامێکیشی زیاد نین.

سەرۆکی ئەنجوومەنەكە لەبارەی بەخشینی ئەندامانی جەستە لە لێدوانە رۆژنامەوانییەكەدا بۆ "دەنگی ئەمەریكا" گوتیشی، "ئەگەر هاتوو کەسەکە پێی خۆشبوو ئەندامانی جەستەی لە دوای مردنی ببەخشرێت، ئەوە پێویستە وەسیەت بکات و بەخشینیش بێت نەک بە کڕین و فرۆشتن بە جەستەیەوە، ئەوکات ئاساییە و دروستە و هیچ گرفتێکی نییە، بۆ ئەوەی بتوانرێت بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکی بۆ کەسانێک کە لە ژیاندان بەکاربهێندرێن".

ئەم قسانەی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای كوردستان دوای ئەوە دێت كە ئەمڕۆ 30ی تەمووزی هەموو ساڵێک لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاریکراوە وەک ڕۆژی جیهانdی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ.


وشە - پۆڵا مەحموود