پەیامی سەرۆك بارزانی لە 41ـەمین ساڵوەگەڕی ئەنفالی بارزانییەكاندا

:: AM:10:19:31/07/2024 ‌
سەرۆك بارزانی لە ساڵوەگەڕی 41 ساڵەی بارزانییەكان پەیامێكی بڵاو كردەوە و دەڵێت، ئەو تاوانانەی لە دژی خەڵكی كوردستان ئەنجام دراون، هەر هەمووی دەرئەنجامی عەقڵییەتی شۆڤێنی و خۆسەپێن و نامرۆڤانەی دەستەڵاتدارانی سەردەمی پێشووی عێراق بووە. 

ئەمڕۆ چوارشەم 31ـی تەمووز، لە پەیامێكی سەرۆك مەسعوود بارزانیدا هاتووە، ڕژێمی پێشووی عێراق لە كردەوەیەكی ناڕەوا و بێویژدانانەدا، هەشت هەزار پیاوی پیر و گەنجی بارزانی، لە تەمەنی نۆ ساڵی هەتا 90 ساڵی، تەنیا لەبەر بارزانیبوون و كوردبوون دەستبەسەر كرد و بەشێوەیەكی نامرۆڤانە لە بیابانەكانی باشووری عێراق كۆمەڵكوژی كردن. 

سەرۆك دەڵێت، ئەو تاوانە بەشێك بوو لە دەستپێكی ئەو زنجیرە تاوانانەی بەشێوەیەكی ڕێكخستوو بۆ لەناوبردنی گەلی كوردستاندا، لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق ئەنجام دراوە، هەر لە بێسەروشوێنكردنی 12 هەزار گەنجی فەیلی و ئەنفال و كیمیابارانەكان لە سەرانسەری كوردستان و تەعریب و ڕاگواستنی بەزۆر و گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان.

لە بەشێَكی پەیامەكەی سەرۆكدا هاتووە، لە 41مین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەكاندا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفال و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین. هەروەها سوپاسی خەڵكی بەئەمەكی كوردستان بەتایبەت جەماوەری دەشتی هەولێر و هەریر و سۆران دەكەین كە لەو ڕۆژگارە تاڵەدا هاوسۆزی بارزانییەكان بوونە و یارمەتییان داون. سوپاسی كەسوكاری ئەنفال و بەتایبەتی ئەو دایك و ئافرەتە بارزانییانە دەكەین كە نموونەی خۆڕاگری و قارەمانێتی بوون و ئازاری چاوەڕوانی و دووری و لەدەستدانی ئازیزانیان چەشتووە.

لە كۆتایی پەیامەكەی سەرۆكدا هاتووە، ئەو تاوانانەی لە دژی خەڵكی كوردستان ئەنجام دراون، هەر هەمووی دەرئەنجامی عەقڵیەتی شۆڤێنی و خۆسەپێن و نامرۆڤانەی دەستەڵاتدارانی سەردەمی پێشووی عێراق بووە، ئەو عەقڵییەتە هۆكاری سەرەكیی دواكەوتوویی و نەهامەتی و كارەسات بووە بۆ هەموو گەلانی عێراق و ناوچەكە.


وشە - رامیار جەواد