لەبارەی درۆنەكەی ئاسمانی دەوروبەری هەولێر هاووڵاتییان ئاگادار دەكرێتەوە

:: AM:10:59:31/07/2024 ‌
سەرۆكایەتیی شارەوانیی شارەدێی ڕزگاری لە سنووری هەولێر، ئاگادارییەكی لەبارەی دەركەوتنی درۆنێك لە ئاسمانی شارەدێكە بڵاو كردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 31ی تەمووز، سەرۆكایەتیی شارەوانیی شارەدێی ڕزگاری سنووری شارۆچكەی خەبات، ئاگادارییەكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە، "سەرۆكایەتیی شارەوانیی رزگاری داوا لە هاووڵاتییانی شارۆچكەی رزگاری دەكات، هیچ كاردانەوەیەكیان نەبێت بەرانبەر ئەو درۆنەی ئەمڕۆ لە ئاسمانی شارۆچكەی رزگاری دەبینرێت، درۆنەكە بە فەرمی مۆڵەتی فڕینی لەلایەنی تەناهیی وەرگرتووە، تەنیا بۆ مەبەستی ڕووپێویكردن بەكار دەهێنرێت، بە پێچەوانەوە هەر سەرپێچییەك بەرانبەری بكرێت، كاردانەوەی یاسایی دەگیرێتەبەر."

لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەند بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و فەرمانبەران ڕاگەیاند، لە ناویشیاندا بڕیاری تەرخانكردنی زەوی بوو بۆ ئەو فەرمانبەرانەی تا ئێستە لە حكوومەت سوودمەند نەبوون، سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوە دا، "بڕیارمان دا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەست بكات بە تەرخانكردن و دابەشكردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی كە تا ئێستە لە حكوومەت سوودمەند نەبوون."

دوای ڕاگەیاندنی بڕیارەكە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕێكارەكانی دەست پێ كرد.

زۆرینەی شارەوانییەكانی شار و شارۆچكەكان، كەوتنە ڕوپێوكردنی زەوی بۆ دابەشكردنی بەسەر فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.



وشە - سۆران عەزیز