پۆلیسی سلێمانی ڕای گەیاند، لەسەر سكاڵای هاووڵاتییەك كە دزیی لێ كرابوو، دوو تۆمەتبارمان گرت و دەستیشمان بەسەر بڕێك زێڕ و پارەدا گرتووە .
ئەمڕۆ چوارشەم 31ی تەمووز، پۆلیسی سلێمانی ڕای گەیاند، دوای ئەوەی هاووڵاتییەك سكاڵای تۆمار كرد كە لە گەڕەكی كانی بای سلێمانی دزیی لێ كراوە، مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەد، لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەست پێ كرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لەلایەن نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەدەوە تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و بیانگرن.
لە راگەیەنراوەكەی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە، لەكاتی گرتنی تۆمەتبارەكاندا، دەست گیرا بەسەر بڕی 60 مسقاڵ زێڕ، پێنج هەزار و 100 دۆلار و دوو ملیۆن و 850 هەزار دینار.
پۆلیس ئەوەشی خستەڕوو، ئێستە تۆمەتبارەكان بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و دانیان بە تاوانەكەیاندا ناوە.