بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر ڕای گەیاند، "لەسەر بڕیاری حكوومەت، بەردەوامن لە دامەزراندنی دەرچووانی زانستە تەندروستییە ژینگەییەكان، "تا ئێستە 200 دەرچوو لە كەرتی تایبەت دامەزراون".
دڵشاد هیرانی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" گوتی، داوا لە دەرچووانی ژینگە دەكەین ئەوانەی تا ئێستە داواكارییان پێشكەش نەكردووە، لە یەكی مانگی داهاتووەوە سەردانمان بكەن و سیڤییەكانیان پێشكەش بكەن، بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی كەمدا، وەك چاودێری ژینگەیی لە پڕۆژەكان بەگرێبەست دابمەزرێن."
ئەگەر كۆمپانیا و كارگەكان بەپێی رێنوێنییەكان كار بكەن، دەبێت پسپۆڕی ژینگەیی دابمەزرێن، مەبەست لە دامەزراندنی ئەو كەسانە بۆ پارێزگاریكردنە لە ژینگەی هەرێمی كوردستان لە هەموو پیسبوونێك و پێڕەوكردنی سیاسەتی ژینگەییە، لە بەرەوپێشچوون و گەشەپێدانی چالاكییە مرۆیی و پیشەسازی و تەندروستی و كشتوكاڵییەكان.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر دەشڵێت، "ئەو كەسانە بە مووچەی 500 هەزار دینار لە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت گرێبەستیان بۆ دەكرێت و ئەركیان چاودێریی ژینگە دەبێت، لە ئاو و هەوا و خاك و مووچەكەشیان لەسەر كۆمپانیاكان دەبێت، بەڵام گرێبەستەكە ئێمە دەیكەین و گرەنتیكراوە."
بەپێی ڕێنوێنییەكان ئەو كەسانەی وەك چاودێر دادەمەزرێن، نابێت بڕوانامەیان لە بەكالۆریۆس، یان ماستەر كەمتر بێت، نابێ لە شوێنی حكوومی و ناحكوومی دامەزرابن، هاوكات دەرچووی زانكۆكانی كوردستانیش بن، "هەركات كەمتەرخەم بن و زانیاریی ناڕاست بە فەرمانگەی ژینگە بدەن، ئەوا لە كارەكەیان دوور دەخرێنەوە".
بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر ئەوەشی گوت، ئەو چاودێرانە لە كاتی پێویست راپۆرتی خۆیان بۆ دەستەكە دەنێرن، "ئامانجیش لەو كارە ئەوەیە هەم كۆنترۆڵی پڕۆژەكان و كۆمپانیاكان و كارگەكان لەبواری ژینگەیی دەكەین، هەلی كاریش بۆ كەسانی بێكار دەڕەخسێنین".