ململانێكانی ناو یەكێتی بەردەوامی هەیە و لە نوێترین ململانێشدا ماڵی كۆسرەت رەسووڵ عەلی و كەسانی نزیكی، هەوڵی جیاكردنەوەی میدیاكانیان دەدەن و پەیجی سێبەر تایبەت بە خۆیان دروست دەكەن.
بە درێژایی مێژوو كێشە و ناكۆییەكانی ناو یەكێتی بەردەوامی هەبووە، لە نوێترین هەنگاو كەسانی نزیك لە ماڵباتی كۆسرەت رەسووڵ عەلی، هەنگاوێكی تر دەهاوێژن و میدیا و سۆشیال میدیای سێبەر بۆ چالاكییەكانیان بە هەولێر دروست دەكەن.
ئەگەری هەیە یەكێك لەو هەنگاوانە ئەوە بێت میدیاكانی ماڵی مام جەلال گرنگی زۆر بە چالاكییەكانی كوڕانی كۆسرەت رەسووڵ نادەن، ئەوانیش هەنگاوی دروستكردنی پەیجی تریان داوە.
لە نوێترین هەنگاویش پەیجی PUK hawler یان دروست كرد، كاری ئەوان بریتییە لە بڵاوكردنەوەی چالاكییەكانی كوڕانی كۆسرەت رەسووڵ عەلی.
ئەو هەنگاوە لە كاتێكدایە پێشتریش بەهۆی ململانێكانی ناوخۆی یەكێتی لە سۆشیال میدیا، چەندان بەرپرس لەناو یەكێتی لەڕێی چەند پەیجێكی دروستكراوی نەناسراو، باسیان لە ململانێكانی ناوخۆی حزب كردووە.
ئەگەرێكی تریش ئەوەیە لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن ئەو باڵەی یەكێتی، ئەو پەیجانە بۆ بەرژەوەندیی كاندیدە دیاریكراوەكانی خۆیان بەكار بهێنن و هەوڵی سەرخستنیان بدەن لە بەرانبەر هەڵبژێراوەكانی بافڵ.