خەریكە ئەو ماوەی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دیاری كرا بۆ رێككەوتن لەسەر پۆستەكانی ئەو پارێزگایە بەتایبەتی پۆستی پارێزگار كۆتایی دێت، كاتێك لە سەرەتای ئەم مانگە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كۆ بووەوە و داوای لە فراكسیۆنەكان كرد رێك بكەون و تا ئەو كاتە دانیشتنەكانی خۆی هەڵپەسارد، سەرچاوەیەكی ئاگەدار رای كەیاند كە بڕیارە سبەی ئەنجوومەنەكە كۆ بێتەوە.
سەرچاوەیەك لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئاماژەی كرد كە سبەی ئەنجوومەنەكە دووەم دانیشتنی خۆی ساز دەكات، ئەگەری هەیە سەرۆكی ئەنجوومەن و سەرۆك لیژنەكان هەڵبژێرێن و دەرگەش بۆ خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی پارێزگار واڵا بكرێت.
روونی كردەوە، ئاماژە و پێشبینی هەیە لە دانیشتنی سبەی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دیاری بكرێت، دوای ئەوە دەرگە بۆ خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی پارێزگار واڵا دەكرێت، ئاشكرای كرد كە رێككەوتن بۆ تێپەڕكردنی سەرۆكی ئەنجوومەن و سەرۆكی لیژنەكان كراوە.
سەرچاوەیەكی تر ئاماژە دەكات كە رێككەوتن لە نێوان فراكسیۆنەكان كراوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجوومەن و پارێزگاریش، بۆ ئەو مەبەستە داوا پێشكەش سەرۆكی تەمەنی ئەنجوومەن كراوە بۆ سازكردنی دانیشتنی سبەی ئەنجوومەنەكە و چاوەڕوانی رەزامەندیی ئەو دەكەن.
شایەنی باسە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر خەتە بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەركووك، ئەو چاوی بە فراكسیۆنی عەرەبی و توركمانی كەوتووە، بۆ رازیكردنیان بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ كورد، بۆیە بەپێی زانیارییەكان رێككەوتن لەسەر كردنی پۆستی پارێزگار بە خولی لە نێوان كورد و عەرەب كراوە، واتە دوو ساڵ بۆ هەریەكەیان.