ڕێكارەكانی زیادكردنی مووچەی خانەنشینی تەواو كران

:: AM:11:06:01/08/2024 ‌
دەستەی نیشتمانیی خانەنشینی ڕای گەیاند، ڕێكارەكانی بەرزكردنەوەی مووچەی خانەنشینان بۆ مانگی ئاب تەواو كراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی ئاب، حیسام عەبدولستار جێگری سەرۆكی دەستەی نیشتمانیی گشتیی خانەنشینان، بە ئاژانسی عێراقییەی ڕاگەیاند، دەستەكە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی ژمێریاری، ڕێكارەكانی بەرزكردنەوەی مووچەی خانەنشینانی بۆ مانگی ئاب تەواو كرد.

ڕوونیشی كردەوە كە ڕێكارەكان لە چوارچێوەی پلانی دەستەكەدا دێت، بۆ ئەوەی یەكەم ڕۆژی هەموو مانگێك مووچەی خانەنشینان دابەش بكرێت.

حیسام عەبدولستار داواشی لە خانەشینان كرد، هەر كاتێك لە ڕێی كورتەنامەوە ئاگادار كرانەوە، سەردانی بانكەكانیان بكەن بۆ وەرگرتنی مووچە.

حیسام ئەوەشی گوت، ئەو فەرمانبەرانەی تازە خانەنشین دەكرێن، دەتوانن 48 سەعات دوای وەرگرتنی یەكەم مووچەی خانەنشینی، پاداشتی كۆتایی ڕاژەكانیشیان وەربگرن.

پێشتریش وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رای گەیاند،  لیستی مووچەی خانەنشینان بە هاوتاكراوی و بەپێی یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو، رادەستی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ كرد.

هاوكات لەبارەی هاوتاكردنەكەوە سادق عوسمان گوتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان، پێشتر بە "وشە"ی راگەیاندبوو، "لیستی خانەنشینان دراوەتە بەغدا، لیژنەیەكی هاوبەشی هەولێر و بەغدا هەیە وردبینیی تێدا دەكات و دەبێت لە دوو مانگدا كۆتایی بە كارەكانی بهێنێت، ئیتر یاسای ژمارە نۆی خانەنشینان بۆ هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ بكرێت."
 
گوتەبێژی یەكێتیی خانەنشینان گوتی، "ئێستە كەمترین مووچەی خانەنشینی هەرێمی كوردستان 220 هەزار دینارە. یاساكە جێبەجێ بكرێت، كەمترینی دەبێتە 500 هەزار دینار، 100 هەزار دیناری زیادەش هەیە كە ماوەیەكە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زیادی كردووە." 
 
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاری هاوتاكردنی خانەنیشینی كوردستان و عێراقی دا، بەڵام تا ئێستە ئەو بابەتە هاوتا نەكراوە و یەكلا نەبووەتەوە.



وشە - سۆران عەزیز