دەباغ: دەنگۆی ئاڕاستەكردنی درۆن لە خاكی هەرێمەوە بۆ ئێران قسەی ناحەزانی كوردە و زۆر دوورە لە راستییەوە

:: PM:09:33:01/08/2024 ‌
دوای ئەوەی بەرەبەیانی چوارشەم ئیسماعیل هەنییە سەرۆكی مەكتەبی سیاسیی حەماس لە شاری تاران كرایە ئامانج، چەند چاودێرێكی سیاسی و میدیایەكی بە ئامانج گیراو، پرسی بەكارهێنانی خاكی كوردستانیان لەلایەن ئیسرائیلەوە هێنایە بەر باس، لای خۆشییەوە نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران ئەو تۆمەتە ڕەت دەكاتەوە، بە پڕوپاگەندەی ناحەزانی كوردی لە قەڵەم دەدات. 

ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی ئابی 2024، نازم دەباغ نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، دەنگۆكانی باس لە ناردنی درۆن لە خاكی كوردستانەوە بۆ ئێران دەكەن دوورن لە راستییەوە و هێمای بۆ ئەوەیش كرد كە ئەگەر درۆنەكە هی كوردستان بێت، ئەم ورد پێكانە چۆن بووە؟ بێگومان بە ئامێری پێشكەوتوویی "GPS" دەبێت كارەكە ئەنجام درابێت. 

لەبارەی ئامانجی دەنگۆكانیشەوە، بەرپرسەكەی حكوومەتی هەرێم لە لێدوانەكەیدا كە بۆ دەنگی ئەمەریكا داویەتی باسی لەوە كرد ئەو دەنگۆیانە لەلایەن ناحەزانی كوردەوە دروست دەكرێن و ئارەزوویانە كە كورد یا حزبەكان تێوەگلێنن لە هەر رووداوێكدا. 

دەباغ ئەوەیشی گوتووە، لە رووی سیاسییەوە كوشتنی هەنییە كارێكی زۆر خراپ بوو، بە تایبەت لەم قۆناغەدا كە ئێستە نزیكبوو رێككەوتن لەگەڵ ئیسرائیل لە پێناو ئاشتیدا بێتە ئاراوە. 

جێگەی ئاماژەیە، دوای كردنە ئامانجی ئیسماعیل هەنییە، هەر یەك لە سەرۆكایەتیی هەرێم و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دوو بەیاننامەی جیادا ئیدانەی كردەوەكەیان كرد و سەرۆكایەتیی هەرێم بە پێشهاتێكی مەترسیدار و مەسروور بارزانییش لە پەیامێكدا سەركۆنەی بەئامانج گرتنی هەنییەی كرد و داوای لە هەموو لایەنەكان كرد كە گفتوگۆی رژد ئەنجام بدرێت بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیریی ناوچەكە.


وشە - پۆڵا مەحموود