یەكێتی لە مووسڵ درزی خستە نێوان كورد لە پێناو بەرژەوەندی تایبەت و چەند پۆست و پلەیەك رێككەوتنی لەگەڵ عەرەب كرد كە هیچكات ئامادەنین دان بە كورد بنێن و بگرە هەمیشە لە بۆسەدا بوون چۆن زیان بە كورد و كوردستان بگەیەنن، لە بەغداش بە دەستتێكەڵكردن لە عەرەب دژی حكوومەتی هەرێم وەستانەوە، دواتریش حساب بۆ خۆیان نەكرا، ئەمجارەش لە كەركووك لە پشتەوەی لایەنی كوردی رێككەوتنی ژێر بە ژێری لەگەڵ عەرەب كردووە لە پێناو پۆستی پارێزگاری كەركووك بەبێ حسابكردن بۆ كەركووك و كەركووكییەكان.
لە كاتێكدا یەكێتی هۆكاری دۆخی خراپی كەركووك بوو، لە 16ی ئۆكتۆبەر تا ئەمڕۆ زۆرترین زیان بە كەركووك و خەڵكی شارەكە كەوتووە، بەڵام یەكێتی هیچكات هەڵوێستی نەبووە ئەوەش بەهۆی عەرەب كە دەسەڵاتی شارەكەیان بەدەستبووە، بەڵام جارێكی تر لە ژێرەوە رێككەوتنی كردووە لەگەڵ عەرەب و دەیەوێت ئەو دۆخەی شارەكە لەژێر دەستی عەرەب بەهەمان شێوەی ئێستا بەردەوام بێت.
بڵند فاتیح شارەزای پێوەندییەكان و سیاسەت بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێتی هەمووكات لە پشتەوەی كورد كاری كردووە و لەگەڵ لایەنی دژە كورد رێككەوتووە و بەدوای بەرژەوەندی حزبی بووە و ئامانجی بووە هەندێ پۆست و پلە بەدەستبهێنێت، بۆ یەكێتی وا باشتربوو لەبەر ئەوەی چەند ساڵە كەركووك و كوردی شارەكە لە دۆخێكی خراپدان، نەرۆشتایە لەگەڵ لایەنی عەرەبی رێبكەوێت هەمووان دەزانن عەرەب چ مەرامێكی بە كەركووك هەیە و دەیەوێت چ سیاسەتێك جێبەجێ بكات، ئەوان دەیانەوێت كەركووك لە كورد پاكبكەنەوە، ئەمە سیاسەتییانە و پێشتر كاریان بۆ كردووە لەو چەند ساڵەی دەسەڵاتیان هەبووە.
گوتیشی، یەكێتی هەمیشە ئەوە كاری بووە، درز دەخاتە نێو ماڵی كورد و پشت لە لایەنە كوردییەكان دەكات، لە نەینەوا لە پێناو هەندێ پۆست و پلەی بێ دەسەڵات و بێ خزمەت رێككەوتنی لەگەڵ عەرەب كرد، لە كەركووك بە هەمان شێوە، ئەمە سیاسەتی یەكێتییە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی تایبەت دەیكات، ئەوەی حسابكردن بێت بۆ كورد و بەرژەوەندی نەتەوەیی ئەو حزبە نایكات، هەر ئەوەندەی هەندێ پۆستی پێ بدرێت ئەو هەموو شتێك دەكات كە دژی كورد و كوردستان بێت.
رێبین سالم چاودێری سیاسیی، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی بەسەر كەركووك هاتووە لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا، بەهۆی ئەو دۆخەیە كە لایەنێك بەسەر كەركووكی هێناوە و بووەتە هۆی داگیركردنی شارەكە و ئازار و مەینەتی و ناڕەحەتی بۆ شارەكە هێناوەتە كایەوە. ئەوان دەڵێن، یەكێتی چوار ساڵ جارێك لە كاتی هەڵبژاردندا، كەركووك و كەركووكییەكانی بیر دەكەوێتەوە و داوای دەنگیان لێ دەكات، دواترتیش بەدوای بەرژەوەندییەكانی خۆیەتی و پشت لە هەموو شتێك دەكات، كوردی كەركووك دەنگی بەو حزبە داوە، بەڵام ئەو رێككەوتن لەگەڵ عەرەب و لایەنی دەرەوەی كەركووك دەكات.
هەڵۆ سەمیع رۆشنبیری شارەكە، بە "وشە"ی راگەیاند، هەموو كەركووك دەزانن كێ هۆكاری دۆخی شارەكە بوو لەو چەند ساڵەی هەتا ئێستە، كێ وایكردووە مەترسی لەسەر شارەكە و كوردی شارەكە و نفووسی شارەكە دروست ببێت، ئەوەی بەسەر جووتیارە كوردەكان هات لەسەر دەستی عەرەب بوو ئەمە بینین و سەیركردنی عەرەبە بۆ كورد ئێستەیش بچی لەگەڵ رێكبكەویت، كوردی كەركووك دەیەوێت لایەنە كوردییەكان رێكبكەون و عەرەبییان لەگەڵ نەبێت، چونكە چەند ساڵە كوردی كەركووك زۆریان چەشت بە دەست عەرەبەوە، یەكێتیش هیچكات ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ پێش 16ی ئۆكتۆبەر و بەبێ پێكەوەبوونی لایەنی كورد ئەوە مەحاڵە، چونكە لە دەرەوەی كورد رێككەوتن بكرێت لەگەڵ لایەنەكانی تر ئەمە دیارە بە چ مەبەستێك دەبێت.
وشە/ تایبەت