بە بڕیاری مەسروو بارزانی، كەمێ بەر لە ئێستە، تەرمی 13 سەرنشینی بەلەمە نقومبووەکەی ئیتالیا لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە هەولێر و سبەینێ ڕادەستی کەسوکارەکانیان دەکرێنەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، دووی ئایار، تەرمی کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە رێگەی ئەمبولانسەوە بەڕێ دەکرێنەوە بۆ سەر سنووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەوێدا ڕادەستی کەسوکارەکانیان دەکرێنەوە.
لە 17ـی حوزەیران، یەختێکی كۆچبەران لە ئاوەكانی ئیتاڵیا تێك شكا کە دەیان كۆچبەری هەڵگرتبوو، بەشێكیان كورد بوون بە بەگوتەی ئەوانەی مانەوە، لە برسا مردن و لە تینوا خنکان و ژماتەیەکیش هەر بێسەروشوێن بوون.
دوای تێكشكانی یەختەکە لە كەناراوەكانی ئیتاڵیا لە ناوچە لامپێدوسا، هەرزوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەدواداچوونی كرد، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران، وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوەی راسپارد كارئاسانی بۆ هێنانەوە تەرمی قوربانییانی یەختەكە بكەن و بەدواداچوونیش بۆ بێسەروشوێنەکان بكەن.
هەمان رۆژ تیمێکی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەرەو ئیتاڵیا ڕۆشتن بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێم لەو وڵاتە پێوەندی بە دامەزراوە فەرمییەكانی ئیتاڵیا بكەن و سەردانی شوێنی ڕووداوەكە بكەن.
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیتاڵیا، سەردانی شوێنی رووداوی تێكشانی یەختەكەی كۆچبەرانی لە لامپێدوسا كرد و لەگەڵ شارەوانی ناوچەكە كۆبووەوە، وێڕای ئەوەش سەردانی ئەو نەخۆشخانەیەی كرد كە رزگاربووانی تێدا خەوێنرابوون.
دوای گەیاندنی هاوكاریی پێویست بە رزگاربووان و و بەسەركردنەوەیان، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی بۆ دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی تەرمی قوربانیان دەست پێ كرد، تیمەكان توانیان 13 تەرم بدزۆنەوە و لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، دەگەڕێندرێنەوە هەولێر.