ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان ڕەزامەندیی لەسەر داوای زانكۆی سلێمانی دا كە ڕێژەی 70%ی داهاتی زانكۆكە، بۆ خۆیان خەرج بكرێـتەوە.
پێشتر زانكۆی سلێمانی داوای لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردبوو، بۆ ئەوەی بتوانن كارەكانیان بەشێوەیەكی باشتر راپەڕێنن و داهاتی زانكۆكەیان بۆ كارەكانی زانكۆ خەرج بكرێت.
زانكۆی سلێمانی بڵاوی كردەوە، ئەو داوایەیان لەلایەن حكوومەتی كوردستانەوە رەزامەندیی لەسەر دراوە، لەمەودوا هەموو زانكۆكانی كوردستان 70%ی داهاتی خۆیان بۆ خۆیان بەكار دێننەوە.
زانكۆی سلێمانی ئەوەشی گوتووە، "ئەو بڕە داهاتە لە بانكە حكوومییەكاندا دەخرێتە سەر هەژمارێكی تایبەتی داخراو، بانكەكەش ناچار دەكرێت ئەو پارەیە بۆ هیچ شتێك بەكار نەهێنێت جگە لە زانكۆكە".
زانكۆكە ئاماژەی بەوەش داوە، بڕیار درا فەرمانی ڕەزامەندییەكەی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ داواكەی زانكۆی سلێمانی، گشت زانكۆكانی تریش لە كوردستاندا بگرێتەوە و لێی سوودمەندبن.
لە سەردانی سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران وەك نوێنەری سەرۆك حكوومەت بۆ سلێمانی، بڕیاری پێویست لەبارەی داودەزگاكان و كێشەكانی ناوچەكەوە دراون، سەرۆكی حكوومەت ڕژدە لەسەر ئەوەی تەواوی كێشە ئیدارییەكانی ناوچەی سلێمانی بەپێی توانا چارەسەر بكات.