پەكەكە و یەكێتی هۆكاری تێكدانی دۆخی شنگالن

:: AM:11:26:03/08/2024 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت،  هێزەكانی یەكێتی ڕۆژێك پێش كارەساتی شنگال هەڵاتن.

ئەمڕۆ شەموو سێی ئاب، مەریوان قەرەنی ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەو تاوانە، یەكێكە لە دڕندانەترین تاوانەكانی مێژووی مرۆڤایەتی كە هیچ ویژدانێكی زیندوو ناتوانێ بەرگەی ئەوە بگرێت، چۆن لە ماوەی چەند سەعاتێكدا هەزاران كەس فیشەكباران كران، منداڵی بچووك لە دایك و باوكیان جیا كرانەوە و پرۆسەیەكی گەورەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ دەستی پێ كرد.

زیاتر گوتی، ئۆباڵی ئەم كارەساتە گەورەیە لە ئەستۆی حكوومەتی عێراقی فیدراڵییە كە وێڕای ئەوەی ماوەیەكی زۆر بوو هەستی بە مەترسیی دەستپێكردنی پرۆسەیەكی هێندە دڕندانە كردبوو، لە كاتێكدا دەیان هەزار سەرباز و ئەندامی هێزە تەناهییەكانی لە ناوچەكەدا هەبوو، كەچی نەیتوانی بۆ چەند ڕۆژێك بەرگری لە پارێزگای نەینەوا و دەڤەری شنگال بكات.

روونی كردەوە، لەو كاتەدا تا ئەو خەڵكە خۆیان دەگەیەننە ناوچە ئارامەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بەڵكو لە ماوەی چەند سەعاتێكدا دەیان هەزار سەربازی عێراق و ئەندامی هێزە تەناهییەكان، بەرانبەر بە چەند تیرۆریستێك چەكەكانیان دانا و هەڵاتن و كوردانی ئێزیدییان وەك نێچیر بۆ دڕندە تیرۆریستەكانی داعش بەجێهێشت.

"ئەوەی ئازاری كوردانی ئێزیدی زیاتر كردووە، ئەوەیە كە وێڕای ئەوەی دوای ساڵێك لە هێرشە تیرۆریستییەكەی داعش، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە ڕابەرایەتیی جەنابی سەرۆك بارزانی، شنگال و دەوروبەری لە دەست تیرۆریستانی داعش ڕزگار كرد، كەچی بەداخەوە لە ئەنجامی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ی لایەنێكی هەرێمی كوردستان و ئەو درزەی كە لە سەنگەرەكانی بەرگری دروست بوو، دەڤەری شنگال جارێكی تر كەوتەوە دەست هێزەكانی عێراق كە ئەوانیش بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و هێزەكانی حەشدی شەعبی بەجێیان هێشت"، مەریوان وای گوت.

باسی لەوەش كرد، لەو ماوەیەشدا پەكەكە و میلیشیاكان بە پشتیوانیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە ستەمكردن لە كوردانی ئێزیدی و ڕفاندنی ژن و منداڵانی كوردی ئێزیدی بەردەوامن، بارودۆخێكیان لە شنگال دروست كردووە كە خەڵكی ئەو دەڤەرە، ژیانیان لەناو كەمپەكانی هەرێمی كوردستان پێ سەلامەتتر بێ لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان.

لە كۆتایی قسەكانی دەڵێت، بەداخەوە ئێستە دەبینین مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لە جیاتی ئەوەی ددان بە هەڵەی سیاسیی خۆیدا بنێت، بە خەڵكیش بڵێت ئەوكاتەی داعش هێرشی كردە سەر شنگال، بۆچی هێزەكانیان ڕۆژێك پێش هێرشەكە هەڵاتبوون و لە ترسیشدا نەگەڕابوونەوە هەرێمی كوردستان، بەڵكو چووبوونە ڕۆژئاوای كوردستان! كەچی موزایەدە بەم بابەتە دەكەن و تۆمەت بۆ ئەو پارتی و هێزی پێشمەرگەیە دروست دەكەن كە سەتان شەهیدیان لەپێناو ڕزگاركردنی شنگال دا.



وشە - رامیار جەواد