بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەڵامی چەواشەكارییەكانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی دایەوە و رای گەیاند، پارتی وەك هەموو جارێك بە تەنیا مایەوە و بەتەنیا شانی دایە بەر بەرپرسیارێتی، چ لە پەنادانی ئاوارەكان، چ لە ڕزگاركردنی ڕفێنراوەكان و هەروەها ڕزگاركردنی دەڤەری شنگال لە دەستی داعش.
ئەمڕۆ یەكشەم چواری ئاب، لە راگەیەنراوێكی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتووە، لە یادی 10 ساڵەی كارەساتی شنگالدا، مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانی بەیاننامەیەكی بڵاو كردووەتەوە، تێیدا فرمێسكی تیمساحی بۆ كەسوكاری قوربانیانی ئەو كارەساتە ڕشتووە و هەوڵی داوە ئەو كارەساتە نیشتمانی و نەتەوەییە، بۆ مەرامە بەرتەسكە سیاسییە و حزبییەكانی خۆی بقۆزێتەوە و ڕاستییەكانی ئەو كارەساتە بشێوێنێت.
باس لەوەش كراوە، هەموو خەڵكی كوردستان و تێكۆشەر و خەباتگێڕان و هێزی هاوپەیمانان شاهیدی ئەوەن كە ئەوەی لە شنگالدا خوێن و قوربانی داوە و زیانی بەركەوت، پارتی دیموكراتی كوردستان بووە. لە حوزنێكی گەورەی نیشتمانی وەك كارەساتی شنگال، پارتی وەك هەموو جارێك بە تەنیا مایەوە و بەتەنیا شانی دایە بەر بەرپرسیارێتی، چ لە پەنادانی ئاوارەكان، چ لە ڕزگاركردنی ڕفێنراوەكان و هەروەها ڕزگاركردنی دەڤەری شنگال لە دەستی داعش.
روون كراوەتەوە، دنیا شاهیدە پێشمەرگەی پارتی چۆن بەرگریی كردووە و چۆن ئەفسانەی داعشی شكاندووە. مێژوویەكی زۆر كۆن نییە، گەلی كوردستان باش لە یادیانە بۆ تۆماركردنی داستانی گەورە لە ئۆپراسیۆنەكانی ئازادكردنی بەنداوی مووسڵ و ئازادكردنی ڕەبیعە و ئازادكردنی زومار و شكاندنی ئابڵۆقەی چیای شنگال، دواجاریش ڕزگاركردنی شنگال لە دەستی تیرۆریستانی داعش، سەتان شەهید و برینداری بەخشی و ماوەی دوو ساڵ سەرۆك بارزانی خۆی لە بەرەكانی شەڕ مایەوە و هەتا شنگال ئازاد نەكرا، نەگەڕایەوە. سەرۆك بارزانی ئەو بەڵێنەی گەیاندە سەر كە بە بابەشێخ و ئێزیدییەكانی دابوو، كە ئێزیدخان دەمێنێ و سەری داعش دەبێ بكەوێتە ژێر پێی ڕۆڵەكانی كوردی ئێزیدی.
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، لێرەدا ڕای دەگەیەنین موزایەدە و ڕشتنی فرمێسكی تیمساح بۆ ئێزیدییەكان و چەواشەكاری، هیچ لە وێنەی ڕاستییەكان ناگۆڕێت، بەتایبەت كە ئەو موزایەدەیە لەلایەن ناپاك و كاڵفامەكانەوە بێت. وەك ڕۆژی ڕووناك دیارە ئەوەی لە خەمی شنگالە و خاوەنی شنگالە و ئاوێتەیە لەگەڵ ژان و ئازاری خوشك و برایانی ئێزیدی، تەنیا پارتی بووە و هەر پارتی دەمێنێتەوە.