شەوی رابردوو هێزێكی چەكداری هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا، گەیشتنە كەركووك و لە سەربازگەی كەی وەن و دەوربەری جێگیر بوونە.
ئەمڕۆ یەكشەم چواری ئاب، بەپێی بەدواداچوونی "وشە" بۆ هەواڵی هاتنی هێزێكی سەربازی ئەمەریكا بۆ كەركووك دەركەوت، ئەو هێزە هی هاوپەیمانانە و شەوی ڕابردوو لە سەربازگەی كەی وەن لە كەركووك جێگیر بوونە.
باس لەوەش دەكرێت ئەو هێزەی هاوپەیمانان، زیاتر لە 80 ئەفسەر سەرباز و ڕاوێژكاریی سەربازیی پێكدێت و بە چەندان ئۆتۆمبێل و كەرەستەی سەربازیی پێشكەوتوو، لە سەربازگەی كەی وەن جێگیر كراون.
تا ئێستە بەرپرسانی عێراق و سوپا و حەشد هیچ زانیارییەكیان لەسەر هاتنی ئەو هێزە نەدركاندووە، بەڵام ئەوەی لە میدیا عەرەبییەكان بڵاو بووەتەوە، ئەوەیە دژەتیرۆری عێراق یاوەریی دەكەن.
میدیا عێراقییەكان رایان گەیاندووە، هێزەكە لەو ژوورە ئۆپراسیۆنەش بەشدار دەبێت كە لە نێوان هێزەكانی سەربە حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان پێك دەهێنرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
دوای رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017، بۆ یەكەمجارە هێزێكی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا بگەڕێتەوە سەربازگەی كەی وەن.