فەرمانگەیەكی ئەندازیاری بۆ پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ دامەزرا

:: PM:01:00:04/08/2024 ‌
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاوی كردەوە، فەرمانگەیەكی ئەندازیاری بۆ پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ دامەزرا و ئیستە فەرمانگەكە دەستبەكار بووە.

ئەمڕۆ یەكشەم چواری ئاب، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڵاوی كردووەتەوە، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە فەرمانێكی وەزاری بڕیاری دا بە پێكهێنانی (هێنانەكایەی) فەرمانگەیەكی ئەندازیاریی نیشتەجێ، بەمەبەستی جێبەجێكردنی كارەكانی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ و ئێستەش فەرمانگەكە دەستبەكار بووە. 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ژمارە(1) فەرمانگەی ئەندازیاریی نیشتەجێ، لە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ، تیمەكانی جێبەجێكاری پڕۆژەكە ڕۆژانە لە كاركردن بەردەوامن و تا ئێستە چەندان كاری گرنگ كراون، وەك خاوێنكردنەوە و دامەزراندنی كارگەیەكی كۆنكرێت و وەرگرتنی ڕەزامەندیی كاركردن لە زەوییەكانی سنووری گۆپتەپە – ئاغجەلەر - قشڵاغ و تەكیە.

پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچاڵ توانای بەرهەمهێنانی سی هەزار و 400 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی لە یەك سەعاتدا هەیە و زیاتر لە 480 هەزار كەسیش لێی سوودمەند دەبن.

پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ، پڕۆژەیەكی ستراتیجیی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە ئاوی خاوێن دەگەیەنێتە شارۆچكەی چەمچەماڵ و شارەدێ و گوندەكانی دەوروبەری بە بڕی (3400م3). 

ئەو پڕۆژەیە بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی لە چەمچەماڵ و دەوروبەری، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت. گرێبەستەكەی ڕۆژی دووشەم 24/6/2024، لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای هابیكا بە گوژمەی زیاتر لە 78 ملیۆن دۆلار واژوو كرا.

ئەو پڕۆژەیە لە ڕۆژی واژووكردنیەوە بەپێی ڕۆژی تەقویمی 720 ڕۆژی بۆ دیاری كراوە،‌ توانای بەرهەمهێنانی 3400م3 ئاوی خواردنەوەی لە یەك سەعاتدا هەیە و زیاتر لە 480 هەزار كەسیش لێی سوودمەند دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گەڕاندنەوەی ڕێژەیەكی زۆر ئاو بۆ شاری سلێمانی لە پڕۆژەی ئاوی دووكان بۆ سلێمانی دەبێت.

وێستگەی پاڵاوتن و یەكەی وەرگر و پەمپ ستەیشنی ناوەندی و خەزانێكی گەورە بە قەبارەی پێنج هەزار مەتر سێجا، لەگەڵ ڕاكێشانی هێڵی كارەبا و چەند تایبەتمەندییەكی تریش لەخۆ دەگرێت.

بۆ زیاتر بایەخدان و باشتر بەڕێوەچوونی كارەكان، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار فەرمانگەیەكی ئەندازیاری تایبەتی بۆ پڕۆژەكە پێكهێنا، ئێستا ئەو فەرمانگەیە دەستیان بە كاركردن كردووە و بەڕێوەبەرێك و حەوت ئەندام سەرپەرشتیی كاروباری فەرمانگەكە دەكەن.


وشە - رامیار جەواد