سه‌رۆك بارزانی پێشوازی له شاندێكی هاوبه‌شی كوتله‌ی عه‌ره‌بی و توركمانیی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك و ژماره‌یه‌ك پەرله‌مانتار و سه‌ركرده‌ی سیاسی به سه‌رۆكایه‌تیی خه‌میس خه‌نجه‌ر ده‌كات.
باره‌گای بارزانی بڵاوی كرده‌وه، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م چواری ئاب، له سه‌لاحه‌دین سه‌رۆك بارزانی پێشوازی له شاندێكی هاوبه‌شی كوتله‌ی عه‌ره‌بی و توركمانیی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك و ژماره‌یه‌ك پەرله‌مانتار و سه‌ركرده‌ی سیاسی به سه‌رۆكایه‌تیی خه‌میس خه‌نجه‌ر كرد.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بیروڕا له‌باره‌ی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هه‌روه‌ها دۆخی كه‌ركووك و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی پێكهێنانی حكوومه‌تی خۆجێیی و هه‌ڵبژاردنی پارێزگاری كه‌ركووك و دیاریكردنی پۆسته کارگێڕییەکانى تری كه‌ركووك ئاڵۆگۆڕ كرا.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا دووپات له‌وه كرایه‌وه، كه پێویسته چاره‌سه‌ره‌كان به ئاراسته‌ی ڕه‌چاوكردنی مافی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كه‌ركووك و له خزمه‌ت پاراستنی سه‌قامگیری و ئارامیی ئه‌و شاره و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری به هاووڵاتییان و بووژانه‌وه‌ی كه‌ركووك بێت ئه‌ویش له چوارچێوه‌ی ته‌وافووق و كۆده‌نگیی نیشتیمانی.