هێشتا بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی رەوانە نەكردووە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" لە دوو رۆژی داهاتوودا بڕێك پارە بۆ مووچە دەگات، بەگوێرەی ئەوەی هیچ كێشەیەك لە وردبینی مووچەدا نەبووە.
ئەمڕۆ یەكشەم چواری ئاب، سەرچاوەیەكی بەرپرس، بە "وشە"ی راگەیاند، لەگەڵ بەغدا هاوئاهەنگی هەیە و تا ئێستە هیچ كێشەیەك لە وردبینی لیستی مووچەی فەرمانبەران دا رووی نەداوە.
سەرچاوەیەك پێشبینی كرد لە چەند رۆژی داهاتوو تەمویلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەست پێ بكات.
لەلایەكی ترەوەن ئیخڵاس دلێمی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەوەی راگەیاند، ڕێككەوتن كراوە لەم یەك دوو مانگەی داهاتوودا، كێشەی مووچەی فەرمانبەران و تەنانەت هێزە تەناهییەكانی هەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەك دوا ناكەوێت و لە كاتی خۆیدا دابەش دەكرێت.
ئەو بۆ كوردستان24 دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەراورد بە ڕابردوو زۆر باشە و هیچ مەترسییەكی لەسەر نییە.
هاوشێوەی زانیارییەكانی "وشە" ئەوەی پشتڕاستكردەوە كە تا ئێستە هیچ كێشەیەك بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نییە.