وەزیری شارەوانی بۆ فەرمانگەكانی: رۆتین نەهێڵن

:: PM:08:14:04/08/2024 ‌
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێری بەسەركردەوە و بەدواداچوونی بۆ كارەكانی سەرۆكایەتییەكە و سەرجەم فەرمانگەكانی‌ كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا كە هەریەكە لە سەرۆكی شارەوانی، بەڕێوەبەرانی هەر شەش شارەوانییەكەی هەولێر‌، بەڕێوەبەرانی ئەندازەی پاركەكان، خزمەتگوزاریی ژینگەپارێزی، كارگەی قیر و سەرۆك بەشەكانی ناو سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ئامادە بوون، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە وردی بەدواداچوونی بۆ ئیشوكارەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و سەرجەم فەرمانگەكانی سەر بەو سەرۆكایەتییە كرد. هەروەها بەشەكانی سەرۆكایەتییەكەی بەسەركردەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتەكە، لەو كۆبوونەوەیە‌دا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار چەند تەوەرێكی گرنگی پێوەست بە خزمەتكردنی شاری هەولێر و دانیشتووانی شارەكەی لەگەڵیاندا گفتوگۆ‌ كرد، لە نزیكەوە بەدواداچوونی بۆ ئیشوكاری فەرمانگەكان و داواكاریی هاووڵاتییانی هەولێر كرد، هاوكات دووپاتی لەسەر نەهێشتنی ڕۆتین و خاوێنكردنەوە‌ و ڕێكخستنەوەی زیاتری سەنتەری شاری هەولێر كردەوە.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەپای ئەو خزمەتە زۆرەی پێشكەشیان كردووە، سوپاسی فەرمانگەكانی كرد كە‌ لە ڕابردوودا كاری زۆرباشیان بۆ شاری هەولێر كردو‌وە، لە هەمان كاتدا داوای لێكردن لە پلانەكانیاندا كار و پڕۆژەی زیاتر ئەنجام بدەن و ئەوەی لە توانای شارەوانییەكان دایە؛ دەبێت بۆ خزمەتی خەڵكی شاری هەولێر بخڕێتە‌گەڕ. هەروەها هەموو جۆرە پاڵپشتییەكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆیان دووپات كردەوە لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری دانیشتووانی شارەكە و گەشەپێدانی شاری هەولێر بە گشتی.


وشە - وشه‌