قایمقامی قوشتەپە دەڵێت، دوای دەرچوونی بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكان، هەڵمەتێكی فراوان بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكانی سنووری شارۆچكەی قوشتەپە دەستی پێ كرد.
ئەمڕۆ دووشەم پێنجی ئاب، بژار خدر قایمقامی قوشتەپە، بە "وشە"ـی راگەیاند، هەڵمەتێكی فراوان بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكانی سنووری قوشتەپە دەستی پێ كرد.
زیاتر گوتی، داخستنی پاڵاوگەكان بەئامادەبوونی هەریەك لە دادوەری جێگرایەتی داواكاری گشتی، بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر، بەڕێوەبەری تەندروستی دەوروبەر و بەڕێوەبەر و نوێنەرانی سەرجەم فەرمانگە تەناهی و پێوەندارەكان، هەڵمەتێكی فراوان بۆ داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەكانی سنووری قوشتەپە بەڕێوە چوو.
باسی لەوەش كرد، هەڵمەتەكە لە ژێر ڕۆشنایی كۆبوونەوەی دوێنێی پارێزگاری هەولێر لەگەڵ لایەنە پێوەندارەكان، بڕیاری داخستنی ئەو شوێنە نایاساییانەی لێوە دەرچوو.
شایانی باسە بەپێی بڕیاری كۆبوونەوەی دوێنێی پارێزگاری هەولێر، جگە لە داخستنی 138 پاڵاوگەی نایاسایی، چەند بڕیارێكی تر لەبارەی ئەو هۆكارانە دەرچوو كە دەبنە هۆی پیسكردنی ژینگە، بڕیار لەبارەیەوە دراوە و وەك خۆی لە سەنتەری شار و تەواوی شارۆچكە و شارەدێكان جێبەجێ دەكرێت و لە ڕۆژانی داهاتووش هەڵمەتەكان بەردەوامییان دەبێت.