لەوەتەی پەكەكە بەناوی شەڕی داعشەوە هاتووەتە شنگال و دەوروبەری، بووەتە رێگر لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكان و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حەشدی شەعبی رێگری لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە دەكات، هاوكات چەندان گرووپی لە ناوچەكە دروست كردووە و ئەجیندای گوماناوی جێبەجێ دەكەن، لە نووسراوێكدا ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بڕیاڕی هەڵوەشاندنەوەی سێ حزبی سەر بە پەكەكە دەدات.
بەپێی نووسراوێكی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، دەستەكە لە 1/8/2024 بە سەرۆكایەتیی دادوەر حەسەن فوئاد و ئەندامیەتی جەلیل عەدنان خەلەف و رەمەزان حەسەن عوبێد پێك هات و ئەو بڕیارەی دا:
فەرمانگەی كاروباری حزب و رێكخراوە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان داوای هەڵوەشاندنەوەی چەند حزبێكی كردووە، لەوانە پارتی ئازادیی دیموكراسیی ئێزدی، پارتی بەرەی بەرخودانی دیموكراسی، پارتی ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان "تەڤگەری ئازادی" و داخستنی بارەگەكانیان و دەستبەسەرداگرتنی موڵكوماڵیان، ئەوەش لەسەر بنەمای سكاڵایەكی راوێژكاریی ئاسایشی نەتەوەیی لەبارەی وابەستەیی ئەوان بە پەكەكەی قەدەغەكراو، كە مەترسییان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق دروست كردووە.
بۆیە لەكاتی لێوردبوونەوە لە بابەتەكە دەركەوت كە دەزگەی ئاسایشی نەتەوەیی سكاڵایەكی پێشكەش بە فەرمانگەی كاروباری حزب و رێكخراوە سیاسییەكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە دژی ئەو حزبانە كردووە بەهۆی وابەستەییان بە پەكەكەی قەدەغەكراو و ئەنجامدانی چالاكیی قەدەغەكراو لە عێراق، بۆیە دوای لێكۆڵینەوە لەلایەن فەرمانگەكە و لێوردبوونەوە لە دۆسیەی ئەو حزبانە و لەسەر بنەمای زانیارییەكانی دەزگەی هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق و دوای چاوخشاندن بە نووسراوی سكرتێری كەسیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، كە دووپاتی لە دروستیی زانیارییەكان لەبارەی ئەو حزبانە كردووەتەوە، بەپێی یاسای حزبە سیاسییەكانیش نابێت وابەستەیی دارایی و رێكخستنیان بەهیچ لایەنێكی ناعێراقی هەبێت یان لەسەر رێنوێنیی وڵاتان یان لایەنی دەرەكی كار بكەن، یان هاوكاری ئەو حزبانە بكەن كە دەوڵەت قەدەغەی كردوون، یان ببنە دەروازەیەك بۆ دەستوەردانی دەرەكی لە كاروباری عێراق.
بۆیە لەبەر هەموو ئەو هۆكارانەی باس كران و بەپێی یاسای پارتە سیاسییەكان دادگاكە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو حزبە سیاسییانەی سەرەوەی دا، جیا لە داخستنی بارەگە و دەستگرتن بەسەر موڵكوماڵیان، ئەوەش دوای كۆتاهاتنی رێگەی تانەدانی یاسایی.