موژدەی شكست بە حزبە سێبەرەكانی نزیك لە یەكێتی درا

:: AM:09:27:06/08/2024 ‌
دوای ئەوەی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق، كورسیی پێكهاتەكان كەم كرایەوە، بەڵام لەپاڵ ئەواندا چەند حزبێكی سێبەر بەناوی توركمان دروست كرا و لە پاڵ یەكێتی كار دەكەن، لە ئێستەوە موژدەی شكستیان پێ‌ دەدرێت.

ئەمڕۆ سێشەم شەشی ئاب، محەمەد سەعدەدین ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە حزبە توركمانییەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەوانەی بۆ كۆتا دەنگ دەدەن، دەنگ بەو حزبە دەدەن كە پارێزگاری لە مافەكانیان كرد و لە هەڵبژاردنەكەش ئەوە دەردەكەوێت كە كێ‌َ نوێنەری راستەقینەی توركمان دەبێت.

زیاتر گوتی، ئەو كورسییەی نوێنەرایەتیی توركمان دەكات، هەرچەندە مافی تەواوی توركمان نییە، بەڵام لە هەولێر توركمانە نیشتمانپەروەرەكان دەردەچن و دەنگ بەو كاندیدە دەدەن و كە رۆڵی هەبووە لە پرسە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان.

باسی لەوەش كرد، خەڵكی توركمان دەنگ بە كەسایەتییەكی سیاسیی راستەقینە دەدات كە بەرگری لە خاكی هەرێمی كوردستان دەكات كە بەرگریی لە خاكی خۆی و نەتەوەی توركمان بەیەكەوە دەكات.

هاوكات رەشید سورچی شارەزایی سیاسی و مامۆستای زانكۆ، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە بانگەشەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستانیشدا بۆ دروستكردنی ئاڵۆزی، كەسێكی تر هێنرایە پێَش، ئەنجامەكەشی شكست بوو.

زیاتر گوتی، توركمانی هەولێَر هەموو یەكتر دەناسن، دەنگدانیشیان زنجیرەیە نەك حزبی، واتا هەركاتێك كەسێكیان لە ناوخۆیان دیاری كرد، هەموو لە پاڵی دەوەستن و دەنگی پێ‌ دەدەن.

بڕیارە لە 20ـی ئۆكتۆبەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێ‌َ، ئێستە ئامادەكارییەكان دەستی پێ‌ كردووە و هەفتەی داهاتووش ژمارە بە حزب و كاندیدەكان دەدرێت.


وشە - رامیار جەواد