بەغدا رێگریی لە بەرهەمەكانی كوردستان دەكات بچنە شارەكانی عێراق

:: PM:01:20:06/08/2024 ‌
بە پاساوی ئەوەی كارگەكانی هەرێم مۆڵەتیان لە حكوومەتی عێراقدا نییە، ماوەی چەند رۆژێكە ڕێگریی دەكرێت لە سنووری هەولێر و دهۆك بەرهەم ڕەوانەی شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بكرێت. سەرۆكی ژووری بازرگانی هەولێریش دەڵێت، "بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە نووسراومان بۆ یەكێتیی ژوورەكانی عێراق و وەزارەتی پیشەسازی كردووە".

بە بڕیاری دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، سەرجەم كاڵا و شمەكی بەرهەمە ناوخۆییەكان دەبێت مۆڵەتی حكوومەتی عێراقیان هەبێت، ئەوجا رێَیان پێ دەدرێ بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە بازگەكاندا تێپەڕن.

لە ژێر رۆشنایی ئەو بڕیارەدا، لە یەكـی ئابەوە بازگەكانی سەربە حكوومەتی فیدراڵی، رێگریی دەكەن لە سنووری هەولێر و دهۆك بەرهەم ڕەوانەی شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بكرێت.

 لەمبارەیەوە مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان سەرۆكی یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان رای گەیاند، ''لە سەرەتای مانگی ئابەوە رێگریی لە هەناردەكاران و خاوەن كارگەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت كە بەرهەمەكانیان لە پێداویستیی ناوخۆ زیاتر بێت، بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراقی بنێرن.

بیانووی ئەو بازگانە ئەوەیە ئەو كارگە و بازرگانانەی بەرهەم لە كوردستانەوە بۆ عێراق هەناردە دەكەن، مۆڵەتی ئەو كارەیان لە حكوومەتی فیدراڵی نییە، بەڵام مۆڵەتی كاركردنیان لە وەزارەتی بازرگانی كوردستان هەیە. بەپێی مادەی 24 ی دەستووریش هەر كارگە و شتومەكێك حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێی پێ بدات یاساییە.
 
بەگوێرەی ئاماری یەكێتیی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان بۆ ساڵی 2023، لە هەرێمی كوردستاندا 28 هەزار و 189 كۆمپانیای خۆماڵی و سێ هەزار و 361 كۆمپانیای بیانی تۆمار كراون، بەگوێرەی ئامارەكە، نزیكەی 65٪ بۆ 70٪ـی بەرهەمی كارگەكانی هەرێمی كوردستان هەناردەی شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكرێن.

لەمبارەیەوە "وشە" پێوەندیی بە گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی كوردستانەوە كرد، بەڵام ئاگای لەم كێشەیە نەبوو. بەپێی زانیارییەكان شاندێك لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پێكهێنراوە، ئێستە لە بەغدان تا چارەسەرێك بۆ كێشەی هەناردەكردنی بەرهەمەكانی هەرێمی كوردستان بدۆزرێتەوە.

هاوكات  گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی ژووری بازرگانیی هەولێر رای گەیاند، "نووسراویان بۆ یەكێتیی ژوورەكانی عێراق و وەزارەتی پیشەسازی بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە كردووە".




وشە - سۆران عەزیز