ئەمڕۆ لە پێناو چاكسازیكردن لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان، كۆبوونەوەیەكی بەرفراوان لەگەڵ بەڕێوەبەری نەخۆشخانە تایبەتەكان ئەنجام درا بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی و سەرۆكایەتی داواكاری گشتیی، لە كۆبوونەوەكەدا بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی تەندروستی پزیشكی ناسراوی كوردستان "دەشتی دزەیی" گوتوویەتی: پێویستە هاووڵاتییان متمانەیە بە نەخۆشخانەكانی خۆمان زیاتر هەبێت و تەندروستی كوردستان زۆر پێشكەوتووە.
ئەمڕۆ سێشەم شەشی ئابی 2024، بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی تەندروستی، بەئامادەبوونی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و بەڕێوەبەرانی گشتی و نوێنەری سەرۆکایەتی داواکاری گشتی و بەڕێوەبەرایەتی کوالیتی کۆنتڕۆڵی جۆری و پشکنین و بەدواداچوون، کۆبوونەوەی فراوان لەگەڵ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکانی تایبەت و ئەهلی لە کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
وەزارەتەكە روونی كردووەتەوە، مەبەستی كۆبوونەوەكە خستنە ڕووی ڕێکارەکانی چاکسازیکردن لە بواری مەرج و ڕێنوێنی و شێوازەکانی خزمەتکردنی هاووڵاتیان و دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و بەرزکردنەوەی ئاستی کوالیتی و هێنان و بردن بەڕێگای فەرمی و چەسپاندنی سیستەمی نوێی کارکردن و نرخ و کۆنتڕۆڵکردن و ڕێگەگرتن لە کاری نایاسایی و نافەرمی و ڕەچاوکردنی مافی نەخۆش بووە.
لە كۆبوونەوەكەدا،پزیشکی پێشەنگ و دێرینی شاری هەولێر" د. دەشتی دزەیی كە ئامادەی كۆبوونەوەكە بووە رای گەیاندووە، پێویستە هاوڵاتیان متمانەیان بە نەخۆشخانەکانی خۆمان زیاتر هەبێت، تەندروستی کوردستان زۆر باش بووە.
پزیشكە پێشەنگەكەی هەولێر كوردستان ئەوەیشی گوتووە، پێشتر چەندین پشکنین و چارەسەر و نەشتەرگەری هەبوو لێرە نەدەکرا دەبووایە نەخۆش ڕەوانەی دەرەوەی وڵات بکەین، بەڵام ئێستا هەمووی بەردەستە و بەپێچەوانەوە ژمارەیەکی زۆر نەخۆش هەیە لە دەرەوە و لە ئەوروپا و وڵاتان دێنەوە پشکنین و چارەسەری و نەشتەرگەری لێرە دەکەن.